هێزەکانی حکومەتی یەمەن لە ناوچەیەکی نزیک تەنگەی بابولمەندەب کشانەوە

Pictures of the Week Global Photo Gallery

هێزە یەمەنییەکانی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند لە ناوچەیەکی نزیک لە تەنگەی ستراتیژی بابولمەندەب کشاونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە.

پاشەکشەی هێزەکانی حکومەت لە ناوچەی بابولمەندەب، دەسەڵات و کاریگەرییەکی زیاتر بە حوسییەکان دەبەخشێت بەسەر ئەو ڕێڕەوە دەریاییە هەستیارەدا و خاڵێکی فشاری بەهێز لەسەر کەشتیوانی جیهانی دروست دەکات، لە کاتێکدا ئێران لە دیوەکەی دیکەی نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە بەردەوامە دروستکردنی گرفت بۆ هاتوچۆ بە ناو تەنگەی هورموزدا کە بووەتە هۆی ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهانی.

تەنگەی بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین و قەرەباڵغترین ڕێڕەوەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی دەریایی کاڵا و شمەک، بە تایبەتی لە ئاسیاوە بەرەو ئەوروپا لە ڕێگەی کەناڵی سوێسی میسڕەوە.

هێزەکانی باشووری یەمەن ڕایانگەیاند کە خەریکی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانییان بەرەو شاری عەدەنن کە بارەگای سەرەکی حکومەتی لێیە، لە کاتێکدا حوسییەکان، کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی باکوور، لەوانە سەنعای پایتەخت و چڕترین ناوچە دانیشتووەکانی یەمەنییان بە دەستەوەیە، فشارەکانییان بۆ سەر ناوچەکانی باشوور زیاد کردووە کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان.

هێزە چەکدارەکانی باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند '' جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانمان لە فڕۆکەخانەی زوباب و ناوچەی بابولمەندەب لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز ڕادەگەیەنین.''

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە '' ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای ئەولەویەتی پاراستنی عەدەنی پایتەخت و پارێزگاکانی دەوروبەری، هەروەها بەهێزکردنی هێڵەکانی پێشەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هەنووکەییەکان نراوە.''

هێزەکانی حکومەت لە مانگی 10 دا هەڵمەتێکی سەربازییان دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە کەناراوییە ستراتیژییەکان لە دەستی حوسییەکان، کە لە مانگی نۆدا بەرەو باشوور پێشڕەوییان کردبوو لە هەوڵێکدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواویی کەناراوەکانی دەریای سووری یەمەن. ئەو هێرشە خێرایە حوسییەکانی گەیاندە مەودای بابولمەندەب.

ئەم پەرەسەندنەی شەڕ کە ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 ی بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان شکاند، بووەتە بەرەیەکی دیکەی ئاڵۆز لە جەنگە فراوانەکەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل دژی ئێران، لە کاتێکدا حوسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر سعوودیە کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکا و گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوی جیهانە.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە، کە لە مانگە سەرەتاییەکانی جەنگە نۆ مانگەکەی ئێراندا ئارامییەکی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینیبوو، بووەتە هۆی پەکخستنی گەشتە ئاسمانییەکان و دابینکردنی نەوت، دوای ئەوەی حوسییەکان بەندەر، فڕۆکەخانە و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی دەوڵەتی سعوودیەیان کردە ئامانج، لەوانەش ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی یەنبوع لەسەر دەریای سوور.

لە وەڵامدا سعودیە ئامانجەکانی حوسییەکانی لە یەمەن بۆردومان کرد، وڵاتێک کە لە ساڵی 2014 ەوە دوای ئەوەی حوسییەکان حکومەتییان بەرەو باشوور ناچار بە پاشەکشە کرد، لە ناو شەڕی ناوخۆدا نقووم بووە و ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بووەتەوە.

لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری ناوچەی ڕۆژئاوای تەعز توندتر بووەتەوە و دۆخی مرۆیی بەرەو خراپتر دەڕوات. ئەو شارە کە نزیکەی نیوەی 300,000 ئاوارەی شەڕەکانی ئەم دواییەی یەمەنی تێدا نیشتەجێ بووە، هێشتا لە ژێر گەمارۆدایە، نە هاوکارییە مرۆییەکان دەتوانن بچنە ناوەوە و نە هاووڵاتیانی مەدەنیش دەتوانن لێی دەربچن.