فەرماندەیی گشتی هێزەکانی بەرگری بەحرەین، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە توانیویەتی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی ئێران، پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان، پووچەڵ بکاتەوە.
لە بەیاننامەکەی بەحرەیندا ڕاگەیەندراوە "ئێران بەردەوامە لە هێرشە دوژمنکارییەکانی و شانشینی بەحرەین دەکاتە ئامانج."
فەرماندەیی گشتی هێزەکانی بەرگری بەحرەین جەختی کردەوە لەوەی، هەموو یەکە و چەکەکانی لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی وڵاتەکە.
لە بەیاننامەکەدا ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانە ئاشکرا نەکراوە کە لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون و پووچەڵ کراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی بەحرەین ڕایگەیاند، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچەکە هێرشەکانی ئێرانیان شەرمەزار کردووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زیاتر دەبن. پێشتر ئێران ڕایگەیاندبوو کە بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕادارێکی ئەمەریکایی لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
ئەمەریکاش ڕایگەیاند ڕێگری لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کراوە کە بەرەو بەحرەین دەچوون.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەینیش داوای لە هاووڵاتیان و دانیشتووان کردووە ئارام بن و ڕوو لە شوێنە سەلامەتەکان بکەن.