کەشتی واڵایی ڤۆیەجەری 1ی ناسا دەبێتە یەکەمین تەنی مرۆیی کە بگاتە دووری 'یەک ڕۆژی تیشکی' لە زەوییەوە

کەشتی واڵایی ڤۆیەجەری 1ی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکا '' ناسا ''، لە کاتێکدا زیاتر ڕۆدەچێتە ناو بۆشایی نێوان ئەستێرەکانەوە، خەریکە دەبێتە یەکەمین تەنی دروستکراوی دەستی مرۆڤ کە بگاتە دووریی '' یەک ڕۆژی تیشکی '' لە زەوییەوە.

ئەمەش دوورییەکی سەرسوڕهێنەری زیاتر لە 16 ملیار میل ( 26 ملیار کیلۆمەترە ) بۆ ئەو کەشتییە ئاسمانییەی کە 49 ساڵ لەمەوبەر هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان.

کاتێک ڤۆیەجەر 1 ڕۆژی چوارشەممە دەگاتە ئەو قۆناغە مێژووییە، سیگناڵە ڕادیۆییەکانی کە بە خێرایی تیشک دەگوازرێنەوە و بە دیاریکراویی 24 کاتژمێرییان پێدەچێت تاوەکو دەگەنە زەویی، بە واتایەکی دیکە، یەک ڕۆژی تیشکی. ناسا پێشبینی دەکات 18 هەزار ساڵی دیکەی بوێت پێش ئەوەی کەشتییەکە بگاتە دووریی '' یەک ساڵی تیشکی '' تەواو لە زەوییەوە، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ماوەیەشی پێدەچێت تاوەکو لە ئەستێرەیەکی دیکە نزیک دەبێتەوە.

بەڕێوبەری پڕۆژەکە، سوزان دۆد، ڤۆیەجەر 1 وەک باڵیۆزی زەوی دەبینێت کە لە نێوان ئەستێرەکاندا دەفڕێت و لە هەمان کاتدا '' هەستی سەرسوڕمان '' دەبەخشێتە دانیشتوانی سەر زەوی، دۆد بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی گوت '' ئەمە گەنجینەیەکی نیشتیمانییە، بە ڕاستی ناوازەیە.''

بۆ ئاهەنگگێڕان بەم ساتەوە، ناسا هانی خەڵک لە سەرانسەری جیهان دەدات کە دوای خۆرئاوابوونی ڕۆژی سێشەممە، مۆبایل یان لایتەکانییان بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی شەپۆلێک لە تیشکی زێڕین بەرەو ئاسمانی شەو، بە بەکارهێنانی کۆدی مۆرس پیتەکانی ( V-G-R ) بنوسن کە هێمای بانگکردنی ڤۆیەجەرە.

سەرەڕای کێشە پچڕپچڕەکان کە بەهۆی پیری و تەمەنی زۆرییەوە دروست دەبن، ڤۆیەجەر 1 و دووانەکەی '' ڤۆیەجەر 2 ''، بەردەوامن لە ناردنەوەی داتا زانستی و ئەندازیارییەکان لە کاتێکدا بە خێرایی 38,000 میل لە کاتژمێرێکدا ( 61,000 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ) بەرەو خاڵە جیاوازەکانی بۆشایی ئاسمان دەڕۆن. هەرچەندە ڤۆیەجەر 2 دوو هەفتە پێش هاوتاکەی لە ساڵی 1977 هەڵدرا، بەڵام تاوەکو ساڵی 2035 ناگاتە یەک ڕۆژی تیشکی.

ڤۆیەجەر 1 لە ساڵی 1979 و 1980 دا بە تەنیشت هەسارەکانی موشتەری و زوحەلدا تێپەڕی پێش ئەوەی کۆمەڵەی خۆر جێبهێڵێت، لە ساڵی 2012 دا گەیشتە ئەو ناوچەیەی کە ناسا بە '' بۆشایی نێوان ئەستێرەکان '' ناوی دەبات. ڤۆیەجەر 2 سەردانی ئەو دوو هەسارەیە و هەروەها ئۆرانۆس و نیپتنیشی کردووە و وێنەی سەرنجڕاکێشی ناردەوە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2018 دا بچێتە ناو بۆشایی ئەستێرەکانەوە.

نزیکەی هەموو ڕۆژێک، هەردوو کەشتییەکە وردەکارییەکان دەربارەی ئەو ژینگە نەدۆزراوەیەوە دەنێرنەوە: هێز و ئاڕاستەی بواری موگناتیسی، هەروەها زانیاریی لەسەر پەستان، تۆز و تیشکە گەردوونییەکانی گەلەئەستێرە. بە وتەی دۆد کە لە ساڵی 1984 ەوە لەگەڵ ڤۆیەجەرەکاندا کاردەکات، ڤۆیەجەرەکان کەمێک لە مانگە دەستکردەکانی کەش و هەوا دەچن.

تیمە بچووکەکەی کۆنتڕۆڵی گەشت لە تاقیگەی پاڵنەری تیژڕەوی ناسا لە پاسادینای ویلایەتی کالیفۆرنیا، نزیکەی هەفتەی جارێک فەرمان دەنێرن. کاتێک کێشە بۆ کەشتییەکە دروست دەبێت کارەکان چڕتر دەبنەوە، هەندێک جاریش بە هاوکاریی چەند خانەنشینێک کە پێشتر لە پڕۆژەکەدا کارییان کردووە کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

لە مانگی حەوتدا، کۆنتڕۆڵکەران دوایین هەوڵی پاشەکەوتکردنی وزەیان بۆ کەشتییەکە تەواو کرد کە بە '' پلۆتۆنیۆم '' کاردەکات، پاشان لە مانگی 10 دا بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕا و تا ئێستا هەوڵ دەدەن بزانن هۆکاری پچڕانی پەیوەندییەکە چی بووە.

هەموو ئەم لێهاتوویی و خۆشەویستییە وایکردووە ڤۆیەجەر 1 لە گەشتەکەی بەردەوام بێت و ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان. لە هەموو تەنێکی دروستکراویی مرۆڤ دوورتر ڕۆیشتووە، ڤۆیەجەر 1 لە ساڵی 1990 دا دوورترین وێنەی زەوی گرت: وێنە بەناوبانگەکەی '' خاڵە شینە کاڵەکە Pale Blue Dot '' کە لە پشت هەسارەی نیپتنەوە گیراوە.

کاڕڵ سەیگنی فەلەکناسی زانکۆی کۆرنێڵ و ئەندامی تیمی وێنەگرتنەکە، کاتێک لە ساڵی 1990 وێنەکەی بە جیهان ناساند، گوتی '' لەسەر ئەو خاڵە شینە، هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانناسیت و هەموو ئەوانەی کە ناویانت بیستووە و هەموو مرۆڤێک کە تا ئێستا ژیاوە، ژیانی خۆیانیان تێدا بەسەر بردووە. ئەمە شانۆیەکی زۆر بچووکە لە گۆڕەپانێکی گەردوونیی گەورەدا.''

هەرچەند زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە ژیاندان و هێشتا لە دایک نەبووبوون کاتێک ڤۆیەجەرەکان هەڵدران، بەڵام بیڵ نای سەرۆکی کۆمەڵەی هەسارەیی لە بەیاننامەیەکدا گوتی '' هەموومان، هەموو کەسێک لەسەر زەوی، کاریگەریی ئەم ئەرکەمان لەسەر بووە.'' ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی 1980 دا لەلایەن سەیگنەوە دامەزرا کە لە ساڵی 1996 دا کۆچی دوایی کرد.

هەروەها تۆمارە زێڕینەکە '' The Golden Record '' بەرهەمی هەوڵەکانی سەیگن بوو. هەریەک لە کەشتییەکانی ڤۆیەجەر قەوانێکی فۆتۆگرافی 12 ئینچی '' 30 سم '' ڕووپۆشکراو بە زێڕییان هەڵگرتووە کە سڵاوکردن بە 55 زمان و هەروەها وێنە و هێڵکاریی لە خۆدەگرێت. سەیگن دەنگی نیکی کوڕیشی تێدا تۆمار کردووە کە ئەو کاتە تەمەنی شەش ساڵ بووە و دەڵێت '' سڵاو لە منداڵانی هەسارەی زەوییەوە.'' هەروەها دەرزییەکی خوێندنەوەی قەوان و ڕێنمایی بۆ هەر کەسێک داناوە کە لە بۆشایی ئاسماندا بیدۆزێتەوە.

دۆد لە کۆتاییدا گوتی '' ئەمە کەپسولێکی کاتیی ژیانە لەسەر زەوی لە ساڵی 1977 ەوە. هیوادارم شتێک یان کەسێک، ڕەنگە هەزار ساڵی دیکە لە ئێستاوە بیدۆزێتەوە.''