مارکۆ روبیۆ: ئێران سەرچاوەی نائارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی یاساناسانی کۆمەڵەی فیدراڵیست لە واشنتن، وتی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمەریکا و ئێرانی بە سەرەکیترین هۆکاری نائارامی و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.

روبیۆ نزیکەی یەک کاتژمێر قسەی کرد و پاش تەواوبوونی وتارەکەی، لە وەڵامی کۆمەڵایک پرسیاردا، تێڕوانینی بەڕێوەبەرایەتی دۆناڵد ترامپی سەبارەت بە ئێرانی خستەڕوو و باسی لە سەرکەوتنی ئەمەریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران کرد و بەرگری لە بەردەوامبوونی ڕۆڵی ئەمەریکا لە سەر ئاستی جیهاندا کرد.

کۆنگرەی ساڵانەی یاساناسانی کۆمەڵەی فیدراڵیست سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا پارێزەران و دادوەران و سیاسەتمەداران و ئاکادیمیستان بەشداردەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دەستوور یاسا و سیاسەت.

ئێران لە ناوەندی نائارامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

روبیۆ لە وتارەکەیدا وتی ئێران هۆکاری سەرەکیی ململانێ و گرفتە درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، "ئێران لە ساڵی 1979ەوە شەڕی دژ بە ئەمەریکا دەکات."

روبیۆ وتی،"هەموو کێشە و گرفتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە حوسییەکانەوە بگرە کە هێرش دەکەنە سەر عەرەبستانی سعودیە تا میلیشیا شیعەکان کە نائارامی لە عێراق دروست دەکەن و ئەو هێزانەی کە پشتگیرییان لە بەشار ئەسەد کرد و بەشدار بوون لە وێرانکردنی سووریا، تا حزبوڵڵا لە لوبنان، تەماشای هەر شوێنێک بکەیت یەک خاڵی هاوبەش دەبینیت، ئەویش مەلا شیعەکانی ئێران و بیرکردنەوەی فراوانخوازییانە."

هەروەها وتی، " ئێران گەورەترین پاڵپشتی تیرۆرە لە جیهاندا. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ دەوڵەتێک [وەک ڕژێمی ئێران] هێندە کات و پارەی بۆ پشتیوانی کردنی کاری تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا تەرخان نەکردووە."

هۆشداری لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی

روبیۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بە مەترسیی بۆ ناوچەکە و ئەمەریکا ناوبردو کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا سەرکەوتنی ئەمەریکا لە دژایەتیی ئێراندا چۆن دەبێت وتی، "سەرکەوتن ئەوەیە کە دڵنیاببینەوە کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێت."

روبیۆ وتی ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت و هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا زیاد دەکات. هەروەها بانگەشەکانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکانیان تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، و وتی تاران ئەو تەکنەلۆژیا و توانایانەی پەرەپێداوە کە دەتوانن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمییدا بەکاریانبهێت.

بەرگری لە ڕۆڵی ئەمەریکا لە جیهاندا

لەگەڵ ئەوەی روبیۆ جەختی لەسەر سیاسەتی 'ئەمەریکا یەکەم' کردەوە، بەڵام ڕەتیکردەوە کە ئەمەریکا لە سەر ئاستی جیهان و لە رووداوە جیهانییەکان پاشەکشە بکات، "پێویستە لە کاروبارەکانی جیهاندا بەشداربین، چونکە ئەگەر ئێمە لە جیهاندا بەشداریش نەبین ئەوا رووداوە جیهانییەکان هەر دێتە ناو کاروبارەکانی ئێمەوە."

هەروەها وتی کە نائارامی و ناسەقامگیری لە دەرەوەی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا دەبێت، بۆیە ئامادەبوون و ڕۆڵی واشنتن لە جیهاندا پێویستە.

سەبارەت بە هاوپەیمانییەکانی ئەمەریکا، ڕوبیۆ وتی، "زۆرجار کاتێک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی وڵاتێکی تر هاوتەریب دەبن، هاوپەیمانی دروست دەکەین. کاتێکیش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ناکۆک، دەبن دیپلۆماسی دەست پێدەکات بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگی." بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە واشنتن هەمیشە بڕیار لە قازانجی ئەمەریکا بدات، "ئەگەر نەمانتوانی هاوسەنگی دروست بکەین، دەزانم پێویستە چ لایەنێک هەڵبژێرین، ئەویش لایەنی گەلەکەمان و وڵاتەکەمانو ئابوورییەکەمان و ئاسایشی نیشتمانییەکەمانە."