فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند گفتوگۆکان لەنێوان بەغدا و هەولێر و تاران سەبارەت بە چارەنووسی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، بەردەوامن و چەند بژاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە خراونەتەڕوو، لەوانەش دەرکردنی بڕیارێکی لێبوردن بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو حزبانە بۆ ئێران، بە مەرجی دابینکردنی زەمانەتی پاراستنی ژیانیان.
فواد حسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس 24، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی باڵوێزی ئێران لە بەغدا کە باسی ڕێکەوتنێک بۆ دەرکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق کردبوو، گوتی چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دراوە و دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "دانوستان لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەشدارە لەو دانوستانانەدا و گەیشتوونەتە جۆرێک لە ڕێکەوتن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانە."
ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا دژی پەنابردنە بەر توندوتیژی بوو و گوتی"ڕێگای زۆری دیکە" هەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
ڕاشیگەیاند، "چەندین بژاردەی جیاواز هەن، بۆ نموونە، دەرکردنی لێبوردنێک بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە، ئەگەر هەست بە ئاسایش بکەن."
بەغدا: گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە پێشکەوتوون
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی پێگە و کامپەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بەو بیانوەی حزبەکان بوونەتە هەڕەشە بۆی و داوای دەرکردنیان لە هەرێم و عێراق دەکات.
حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەردا ئەوە ڕەتدەکەنەوە خاکی هەرێم و عێراقیان بۆ ئامانجە چەکدارییەکانیان بەکارهێنابێت.
خالد عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆتایی مانگی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەوان "تا ڕادەیەکی زۆر" داوای حکومەتی عێراقیان جێبەجێ کردووە بۆ کشانەوە لە سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران.
هەروەها ڕایگەیاند چەندین ساڵە بە بەشداریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسی مانەوەی ئەندامانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
Your browser doesn’t support HTML5
چارەنووسی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوان فشاری ئێران و عێراقدا
لە لایەکی ترەوە حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لەسەر چارەنووسی ئەو حزبانە گەیشتوونەتە "قۆناغێکی پێشکەوتوو" و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە.
عەبودی گوتی، "وردەکاری پێشکەوتوو و ڕێکەوتنی پێشکەوتوو هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە. چەند کەسێکی سزادراو لەم بابەتەدا هەن. گفتوگۆ و ڕاوێژ و لێتێگەیشتنەکان لەسەر ئەوەن کە ئەم دۆسیەیە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا کۆتایی پێبێت، چونکە حکومەتی عێراق سورە لەسەر ئەوەی خاکەکەی نەبێتە شوێنی دەستدرێژی کردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ."
هەرێمی کوردستان: ڕێگە نادەین خاکی هەرێم بۆ زیانگەیاندن بە دراوسێکان بەکاربهێنرێت
هەر هەفتەی ڕابردوو، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
پێشەوا هەورامانی گوتی، "ئێمە قسەمان ئەوەیە لە خاکی هەرێمەوە و لە سنوری خاکی هەرێمی کوردستان نەمان هێشتوە و ناهێڵین هیچ کەسێک زیان بە دراوسێکانمان بگەیەنێت."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە باڵوێزی ئێران لە بەغدا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکی باش لەسەر دەرکردنی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان هەیە.
لێدوانەکانی باڵوێزی ئێران کاردانەوەی جۆراوجۆریان لێکەوتووەتەوە، بەڵام حزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی ئەو بانگەشانەیان نەداوەتەوە و ڕوون نییە ئاخۆ لە گفتوگۆکاندا ڕاوێژیان پێ کراوە یان نا.
هەروەها هێشتا وردەکارییەکانی هیچ ڕێکەوتنێکی کۆتایی، لەوانەش چۆنێتی جێبەجێکردنی لێبوردنێکی ئەگەری و دڵنیاییەکانی پاراستنی ژیانی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ ئێران، ئاشکرا نەکراون.