ڕۆیتەرز: عێراق ڕێگای وشکانی لەگەڵ سوریا بۆ هەناردەی نەوتەکەی زیندوو دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند عێراق بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی بە بارهەڵگر لە ڕێگای وشکانییەوە بۆ سوریا دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای پەککەوتنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز بەهۆی شەڕی ئێرانەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەدان تانکەر لەم ڕێگایەوە نەوتی عێراق لە بەسرەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سوریا دەگوازنەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت ئەو ڕێگایە، کە تاڕادەیەکی زۆر بۆ دەیان ساڵە بەکارنەهێنراوە، ئێستا بووەتە ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق. هەروەها کۆتاییهاتنی ململانێکان لە سوریا وایکردووە ئەو ڕێگایە زیاتر کارا ببێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تێچووی گواستنەوەکەی زیاترە.

باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کە سەر بە حکومەتە، ڕایگەیاند، کۆمپانیای یو سی سی هۆڵدینگی قەتەری لە مانگی ڕابردووەوە دەستیکردووە بە گواستنەوەی ڕۆژانە 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی عێراق بۆ بەندەری بانیاس.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گرێبەستەکە ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای یو سی سی بەنیازە ژماەی بارهەڵگرەکانی لە شەش هەزارەوە بۆ دە هەزار زیاد بکات و نزیکەی دە هەزار شۆفێریش کار لە گواستنەوەکەدا دەکەن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد دوای گەیشتنی نەوتی عێراق بە بەندەری بانیاس، نەوتەکە بە کەشتی هەناردەی پاڵاوگەکانی یۆنان و ئیتاڵیا و تورکیا دەکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە سنوورداربوونی بارهەڵگرەکان و ئاستەنگەکانی دیکە وا دەکات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا قەبارەی هەناردەکردن لەم ڕێگایەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.