مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم بوو نەک دژایەتی لایەنێک

مەسرور بارزانی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی یازدەی 2026 لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی خولی 45ـەمینی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی کارەکانی، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی یاسایی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بووە و نەک دژایەتی لایەنێکی سیاسی. هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشداری لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا بکەن.

مەسرور بارزانی، ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی یازدەی 2026 لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی خولی 45ـەمینی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، بە ئامادەبوونی ڤاڵا فەرید، لێدوانێکی دا، تێیدا باسی لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد.

بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی، "وەک ئاگادارن، دوای دوو ساڵ دواجار پەرلەمانی کوردستان کارا کرا و دەستی بە کارەکانی خۆی کردەوە. ئامانج لەم پرۆسەیە پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بوو. دژی هیچ كەس و لایەنێک نەبووە، بەڵكوو بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەرانی خەڵكی كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان بووە."

بارزانی هەروەها ستایشی ئەو ئەندامانی پەرلەمانی کرد کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو کرد و گوتی، "لێرەدا دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە بوێرانە ئەرکی ئەخلاقی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و بەشداریان لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانەوە قووڵتر بوونەتەوە.

یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کرد، دواتر یەکێتی کشانەوەی لە حکومەت ڕاگەیاند و لەگەڵ نەوەی نوێ سکاڵایان دژی پرۆسەکە لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمار کرد. ئەمە لە کاتێکدا پارتی پێی وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی پێویست بووە بۆ بەردەوامی کارکردنی دامەزراوەکانی هەرێم.

مەسرور بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد "بە بەرپرسیاریی نیشتمانییەوە" مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بکەن و پشتیوانی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن.

ڕایگەیاند، "هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی لەم پرۆسەیە بڕوانن و پشتیوانی لەم هەنگاوە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار بن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە هەموومان زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و كوردستانمان بەهێزتر و ئاوەدانتر بكەین."