نوێنەرانی سەرۆک ترامپ دوای دیداری پوتن بەرەو ئێرلەندا بەڕێکەوتن

نوێنەرانی سەرۆک ترامپ بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، جێرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، ڕۆژی پێنجشەممە چاویان بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کەوت.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی تاسی ڕووسیا، جێرید کوشنەر بە ڤلادیمێر پوتنی گوتووە کە ''هەندێک گۆڕانکاری لە لای ئەوروپیەکان دەبینین؛ ئەوان خواستی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان و کۆتاییهێنان بەم ململانێیەیان هەیە.''

هەروەها یوری یوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا گوتی، ''گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان بە تەواوی جەوهەری و بنیاتنەر و دڵسۆزانە و بەسوود بوون، هەروەک هەموو گفتوگۆکانی پێشوومان."

بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ ڕووسیا، جێرید کوشنەر لە ئەبوزەبییەوە قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد و گوتی کە گفتوگۆکانیان بەرەوپێشچوونیان بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها کار لەسەر ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر دیل دەکەن.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ، لوتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە دبلن بەڕێوە دەچێت و زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەورووپا لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا کۆبوونەوەکانیان بەردەوامە، کە تێیدا بابەتی ئاشتی ئۆکراینا لەگەڵ ڕووسیا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکان. ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا لەو بارەیەوە سوپاسی سەرکردەکانی ئەورووپای کردووە و نووسیویەتی ''ئەمڕۆ لە دبلن، کۆبوونەوەی گشتیی هاوڕێیانی ئۆکراینا، گەورەترین پاڵپشتەکانمان، بەڕێوە چوو.''


هەروەها مارک ڕووتە سکرتێری ناتۆ لە بارەی کۆبوونەوەکانی دبلن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ''لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دژ بە ئۆکراینا بەردەوامن، تیشکمان خستە سەر گرنگی پشتیوانیی جێگری بۆ ئۆکراینا.''

ئەمە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت هەردوو نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا بگەنە دبلن و لەگەڵ ڤلادیمێر زیلینسکی دوایین پێشهاتەکان گفتوگۆ بکەن.