داواکاری گشتیی ڕووسیا داوای 15 ساڵ زیندانیکردن بۆ ماریا بۆنتسلەری پارێزەر دەکات بە تۆمەتی ناپاکی گەورە

داواکارانی گشتیی ڕووسیا لە دادگا داوایان کردووە سزای 15 ساڵ زیندانیکردن بەسەر ماریا بۆنتسلەر، پارێزەری دیاری شاری کالینینگراد، بسەپێندرێت بە تۆمەتی "خیانەتی گەورە" لە نیشتیمان.

بۆنتسلەر بەوە ناسراوە کە پارێزگاریی لە تۆمەتبارانی دۆسییە سیاسییە هەستیارەکان دەکات. ناوبراو لە کۆتایی مانگی چواری ساڵی 2025 دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانی پێش دادگاییکردندا ڕاگیراوە.

ڕێکخراوی سلۆڤۆ زاشچێتی کە بە مانای ''پەیامێک بۆ بەرگری'' دێت یەکەم لایەن بوو هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بە پشتبەستن بە ئیلیا سیدۆرۆڤی پارێزەر، کە لە زینداندا سەردانی بۆنتسلەری کردبوو. سیدۆرۆڤ تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی 2026 ئەندامی تیمی بەرگریی بۆنتسلەر بوو، دواتر لە دۆسییەکە دوورخرایەوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن ڕۆژی چوارشەممە بۆنتسلەر دوا وتەی خۆی لە دادگا پێشکەش بکات، پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەربکرێت.

لە سەرەتادا ئەم پارێزەرە تۆمەتباربوو بە هەبوونی هەماهەنگییەکی نهێنی لەگەڵ دەوڵەتێکی بیانیدا. لێکۆڵەرەوان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بۆنتسلەر زانیاریی دەربارەی ئەفسەرانی ئاسایشی ڕووسیا داوە بە دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا.

دواتر دەسەڵاتداران جۆری دۆسییەکەیان گۆڕی بۆ ''ناپاکی گەورە لە نیشتیمان،'' کە تۆمەتێکە بەپێی یاسای ڕووسیا سزاکەی تاوەکو 20 ساڵ زیندانیکردن دەڕوات.

بۆنتسلەر لە ئێستادا لە ناوەندێکی ڕاگرتندا لە کالینینگراد دەستبەسەرە. بەپێی وتەی پارێزەرەکەی بۆنتسلەر، دۆخی تەندروستی لە زینداندا تێکچووە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە.

ڤالێریا ڤیتۆشکینای پارێزەر لە ڕێکخراوی سەربەخۆی مافی مرۆڤی OVD_Info، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بارودۆخی جەستەیی بۆنتسلەر وەک نیگەرانییەکی سەرەکیی ماوەتەوە.

گوتیشی، ''بەداخەوە بارودۆخی تەندروستی باش نیە، هەمووان دەزانن کە بنکەکانی ڕاگرتن و زیندانەکانی ڕووسیا شوێنی زۆر سەختن. زۆرجار مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان دەکرێت و خزمەتگوزاری پزیشکی گونجاو بەردەست نیە."

داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی نیگەرانییان دەربڕەوە سەبارەت بە تەندروستی بۆنتسلەر و مەرجەکانی دەستبەسەرکردنی، لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی دادگاییکردنەکەی دەکەن.

ڤیتۆشکینا ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر کەسێک نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، دەکرێت لە زینداندا زۆر خراپتر بێت، ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە لە دۆسییەی ئەودا ڕوویداوە. لە قۆناغێکدا هۆشی خۆی لە دەستدا و هاوکاریی پزیشکی پێویستی پێشکەش نەکرا.''

گوتیشی، ''سەرسام نابێت ئەگەر بڕیاری دادگا نزیک بێت لەوەی داواکارانی گشتی داوای دەکەن.''

دۆسییەکانی ناپاکی لە نیشتیمان دەکرێت سزای زیندانی تاهەتاییان لەگەڵدا بێت. بەڵام یاسای ڕووسیا زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ ژنان قەدەغە دەکات. لەبەرئەوە بەپێی وتەی ڤیتۆشکینا، '' گەورەترین سزا 20 ساڵ زیندانیکردنە.''

پارێزەرەکەی مافی مرۆڤ تیشکی خستەسەر هەڵسوکەوتی نائاسایی و توندی دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ و گوتی، ''دەردەکەوێت کە دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ناوخۆیی بایەخێکی تایبەتی بەم دۆسییەیە داوە. ئێمە ئاستێکی نائاسایی لە توندی و هەڵوێستێکی زۆر نەرێنی بەرامبەری دەبینین. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی ڕوویان داوە، سەرسام نابم ئەگەر سزای کۆتایی نزیک بێت لەو ماوەیەی کە داواکارانی گشتی داوای دەکەن.''

هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە بۆنتسلەر بەردەوام بەرگریی لەو کەسانە کردووە کە لە دۆسییەکانی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ناوخۆی ڕووسیادا دادگایی کراون.