ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە وەزیرەکانی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە ناو حکومەت

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری تیمی یەکێتی.

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی چوارشەممە بە بێ بەشداریی ئەندامانی لە یەکێتیی نیشیتیمانی کوردستان کۆبووەوە، لە بڵاوکراوەیەکدا داوای لە وەزیرەکانی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە ناو دانیشتنەکان.

لە بڵاوکراوەیەکی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان."

داواش "لە هاوکارانمان، لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن."

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری تیمی یەکێتی

داواکارییەکە لە کاتێکدا دێت کە ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامییان هەیە. پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە حزبەکەی "لەم حکومەتە فاشیلە" دەکشێتەوە و دان بە کۆبوونەوە و بڕیارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو نانێت. هەروەها هەڕەشەی دامەزراندنی حکومەتێکی تری لە ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتی کرد.

دوێنێش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆڵەندا کۆبووە و باسیان لە دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد.

قوباد تاڵەبانی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، "دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هۆکاری ناکۆکییەکانمان بۆ ڕوون کردنەوە و جەختمان کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوەتی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی."

هەروەها میدیاکانی سەر بە یەکێتی و نەوەی نوێ دوێنێ سێشەممە ڕایانگەیاند ئەو دوو لایەنە لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر کۆبوونەوەکەی چوارشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە دادگاکە دەکەن.