ناسا هەلی کار ڕادەگەیەنێت بۆ ئەو ئاسمانگەڕانەی ئارەزوو دەکەن لەسەر مانگ بژین و کاربکەن

ئاژانسی ناسا بەنیازی دامەزراندنی نەوەیەکی نوێیە لە ئاسمانگەڕان و بانگهێشتی هاووڵاتییانی ئەمەریکا دەکات تاوەکو وادەی 3ـی مانگی دوازدەی ئەمساڵ فۆرمی کار پێشکەشبکەن بۆ هەلێکی "کار و ژیان" لەسەر مانگ.

بەشی هەلی کار لە ماڵپەڕی ناسا بڵاویکردووەتەوە چەند پۆستێکی بەتاڵی بۆ ئەو بوارە هەن، بە موچەی ساڵانەی 164 هەزار و 395 دۆلار. کاندیدەکان دەچن لە شاری هیوستن دەژین و لەوێ لە ناوەندی جۆنسن بۆ واڵایی دەستبەکاردەبن.

هەر کەسێک هاووڵاتی ئەمەریکا بێت دەتوانێت فۆرم پڕبکاتەوە، بەڵام کەسەکان دەبێت هەندێک مەرجی خوێندیان تێدابێت و ئەزموونی تایبەتمەندیان هەبێت.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکادایە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی مرۆڤ لەسەر مانگ.

ناسا لە مانگی چواری ئەمساڵدا گەشتی ئارمیتیس دووی ئەنجام دا کە تێیدا چوار ئاسمانگەڕ بەدەوری مانگدا سوڕانەوە بەڵام دانەبەزین. ئەم گەشتە دوای 56 ساڵ ڕیکۆردی دوورترین گەشتی مرۆڤی لە دووری زەوییەوە شکاند. چوار ئاسمانگەڕەکە بە دەوری مانگدا سووڕانەوە و گەیشتنە دووریی 406 هەزار و 771 کیلۆمەتر لە زەوییەوە، کە نزیکەی 6 هەزار و 600 کیلۆمەتر زیاترە لە ڕیکۆردەکەی ئەرکی ئاپۆلۆ 13 لە ساڵی 1970.

جێرید ئایزکمان، بەڕێوەبەری ناسا، دەربارەی ئەو ئاسمانگەڕانەی کە بۆ ئەم ئەرکە نوێیە هەڵدەبژێردرێن، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "ئەو کەسانەی هەڵیاندەبژێرین، لەوانەیە لەسەر مانگ هەنگاو بنێن، لە بنکەی مانگدا بژین و کار بکەن و یارمەتیی پەرەپێدانی ئەو سیستەم و ئۆپەراسیۆنانە بدەن کە لە کۆتاییدا ئاسمانگەڕان دەگەیەننە مەریخ."


مەرجەکانی ناسا بۆ ئەو کەسانەی وەردەگیرێن

ئاستی خوێندن: ماڵپەری ناسا دەڵێت پێویستە کەسەکە بڕوانامەی ماستەری لە بوارەکانی ئەندازیاریی، زانستی بایۆلۆجی، زانستە فیزیاییەکان، زانستی کۆمپیوتەر یاخود بیرکاریی هەبێت؛ یان دوو ساڵ خوێندنی ئەکادیمی وەک کاندیدی دکتۆرا لە یەکێک لەو بوارانەی سەرەوەدا تەواوکردبێت؛ یان بڕوانامەیەکی پەسەندی بواری پزیشکی، وەک دەرچووی بەشی پزیشکی، یاریدەدەری پزیشک یاخود پەرستاری هەبێت؛ یان هەتا مانگی 7ـی ساڵی داهاتوو ببێتە خاوەن بڕوانامەی دەرچوون لە فێرگەیەکی دانپێدانراوی تاقیکردنەوەی فڕۆکەوانیی.

ئەزموونی تایبەتمەند: هەروەها داواکاری کار دەبێت یەکێک لەو بوارانە هەڵبژێرێت کە بەگوێرەی ئەزموونی کاری خۆی باشترینە بۆ ئەو کەسە، و ناساش داوادەکات سێ ساڵ ئەزموونی کاری پیشەوەرانەی هەبێت لە دوای تەواوکردنی خوێندن یاخود ڕاهێنانی فڕۆکەوانی.

فڕۆکەوان دەبێت یەکێک لەم سێ مەرجەی تێدابێت کە بریتین لە ئەزموونی 750 کاتژمێر وەک فڕۆکەوانی ڕابەر لە فڕۆکەی خێراڕەو؛ یان ئەزموونی هەزار و 500 کاتژمێر لە فڕۆکەی دیکەی باڵجێگیر، و 750 کاتژمێریش وەک فەرماندە؛ هەزار کاتژمێر ئەزموون لە فڕۆکەی باڵپەروانە، لەگەڵ 300 کاتژمێر وەک فەرماندە. ئەم ئەزموونە ڕاهێنانی سەرەتایی فڕۆکەوانی و کاتژمێرەکانی فڕاندنی درۆن ناگرێتەوە.

تاقیکردنەوەی فڕین: پێویستی بە تەواوکردنی خوێندنی تاقیکردنەوەی فڕۆکەوان هەیە یاخود ناو تۆمارکردن، کە دەبێت تاوەکو مانگی حەوتی 2027 تەواوبکرێت، هەروەها داواکار سێ ساڵیش ئەزموونی تاقیکردنەوەی فڕیینی هەبێت.

پزیشکی: لانیکەم سێ ساڵ ئەزموونی پیشەوەریی لەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی هەبێت.

زانستی بایۆلۆجی و پزیشکی: لانیکەم سێ ساڵ لە ئەزموونی پەیوەندیدار

زانستە فیزیاییەکان: سێ ساڵ لە ئەزموونی کاری پەیوەندیدار.

ئەندازیاریی: سێ ساڵ لە ئەزموونی کاری پەیوەندیدار.

ئۆپراسیۆنەکان: سێ ساڵ ئەزموونی کاری پەیوەندیدار لەو ژینگانەی کە پێویستییان بە بڕیاردانی ڕاستەخۆ هەیە و کاری هەمەلایەنی هاوبەش هەیە، کە تیایدا هەڵەکان دەرەنجام و مەترسی ڕاستینەیان لەسەر کەسەکان و ئەرکەکانیان هەیە.

مەرجی دیکە: دەبێت کەسەکە لە چەندین پشکنین و لێکۆڵینەوەی دیکەش دەربچێت، لەوانە پشکنینی پزیشکی و دەروونی؛ دەبێت بینایی بیست لەسەر بیست بێت و لە لێکۆڵینەوەی پاشخان و ماددە هۆشبەرەکاندا دەربچێت.