وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بە هاوپەیمانەکانی لە گرووپی حەوت ڕاگەیاندووە کە سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا و گەمارۆ دەریاییەکە هێندە کاریگەرن لەسەر ئێران کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە پێویست نییە.
مارکۆ ڕوبیۆ دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی گرووپی حەوت لە پاریس، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "پێم ڕاگەیاندراوە کە هەڵمەتە ئابوورییەکە هێندە کاریگەرە پێویست بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە ناکات."
وتیشی، "ئەو سزا ئابوورییەی ئێستا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، بێوێنەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکە دەبێت و زیاتر دەبێت."
ڕوبیۆ هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترامپ لە بەرپرسانی وڵاتانی هاوپەیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە هەڵسەنگاندنی وەرگرتووە کە ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە.
دوێنێ دووشەممە، ترامپ ڕایگەیاند کە وڵاتانی ناوچەکە پێیان باشە گەمارۆی دەریایی و وشکانیی سەر تاران بەردەوام بێت لەبری ئەوەی جارێکی دیکە هێرش بکرێتەوە سەر ئێران. سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێستادا ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک.
ڕوبیۆ لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا جەختی کردەوە، "ئەگەر بتوانین لە ڕێگەی ئابووری و فشارە ئابوورییەکانەوە هەمان ئامانج بەدەست بهێنین، ئەوا پێویستمان بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی نییە. ئەمەش بە مانای بنبەست لەم پرسەدا نایەت."
هەروەها گوتی، "ئێران هەرگیز وەک ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دۆخێک نەبووەتەوە کە نەتوانێت وزە لە بازاڕی جیهانیدا بفرۆشێت."