لە تەقینەوەیەکدا لە تورکیا لانیکەم 17 کەس کوژران و 13 کەس بریندار بوون

میدیاکانی تورکیا بڵاوییان کردەوە بەهۆی تەقینەوەیەکی وێرانکەرەوە لە کارگەیەکی پۆڵا و ئاسن لە ڕۆژئاوای تورکیا، لانیکەم 17 کەس گیانیان لە دەست داوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.

تەقینەوەکەی ڕۆژی دووشەممە لە کارگەی ئاسن و پۆڵای هاباش لە ناوچەی عەلی ئاغا لە باکووری شاری ئیزمیر ڕوویدا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەیەکی کارا و دادوەریی و ئیداریی لەسەر هۆکارەکانی ئەم کارەساتە دەستیپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرانی سەندیکاکانی کرێکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە کارگەی هاباش ماوەیەکی زۆرە کێشەی ڕژدی لە بواری پارێزراویی کاردا هەبووە و تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو کرێکاری دیکە لەم کارگەیە گیانیان لە دەست داوە.

پارێزەر هاتیجە سۆنمەزی شارەزا لە بواری مافەکانی کرێکاران و یاسای کاردا لە ئیزمیر، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی سەرەڕای بوونی هەندێک بڕگە و یاسا لە بەرژەوەندی کرێکاران لە تورکیا، بەڵام لە ڕاستیدا لە کارگەکاندا هیچ چاودێری و ڕێوشوێنێکی کارا بۆ پارێزراویی کار و سیستمی پاراستن بوونی نیە.

سۆنمەز گوتیشی، ''چاودێری و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خاوەنکارە. کاتێک هیچ ڕێوشوێنێک و پشکنینێک نەبێت و سیستمی پارێزراویی کار نەکات، گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران بەم شێوەیە ڕوودەدات.''

سۆنمەز جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەم ڕووداوە گەورەیەی هاباش دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە بکرێت و کەسانی بەرپرس بە توندی سزا بدرێن.

ئاماژەشی بەوەدا کە لە زۆربەی کارگەکانی تورکیادا تەنها هۆشداریی نوسراو لەسەر دیوارەکان هەن، بەڵام ئەمانە هیچ کات ڕێگرییان لە کارەسات و مەرگی کرێکاران نەکردووە.

لە بەرامبەردا کۆمپانیای هاباش لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە باوەڕییان وایە کە ڕووداوەکە '' لە کاتی پاککردنەوەی قۆزاخە ئەلیکترۆنییەکاندا ڕوویداوە.''

وەزیری دادی تورکیا ئەکین گۆرلیک ڕایگەیاند کە بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە، چوار دادوەر و لێکۆڵەر بە فەرمی کار لەو بارەیەوە دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، تا ئێستا لەسەر دۆسییەی تەقینەوەکە و کەمتەرخەمییەکان، ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتووەتە شەش کەس.