وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا سزا دەخاتە سەر 11 دامەزراوەی ئێرانی

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی سێشەممە 10ی مانگی یازدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سزای بەسەر 11 قەوارە و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدادا هاتووە کە ئەم 11 قەوارەیە پێشتر لە ساڵی 2016دا و دوای پێشکەوتنی رێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015، لە لیستی سزاکان هاتبوونەوە دەرێ و ئەمڕۆ جارێکی دیکە خرانەوە نێو لێستی سزاکانی ئەو وڵاتەوە.

کەنەدا ڕایگەیاندووە ئەم لایەنانە ڕۆڵیان هەبووە لە چالاکییە هەستیارەکانی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، یان پارەدارکردنی چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کۆمپانیای نیشتمانی نەوت، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتهەڵگر، بانک مێلی و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بە پیشەسازیی ئەتۆمی و دارایی لەو قەوارانەن کە سزادراون.

ئۆتاوا ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی دەبێ هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.