ئێران و ئۆکراینا پرسی سەرەکین لە کارنامەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە پاریس

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە پیشەسازییەکانی گرووپی حەوت ڕۆژی دووشەممە لە پاریس دەستیان بە گفتوگۆیەکی دوو ڕۆژە کرد، کە تێیدا جەنگی ئێران و پشتیوانی لە ئۆکراینا لە نێو بابەتە سەرەکییەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکاندان

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی بە هاوتاکانی ڕاگەیاندووە کە پێویستە "بیرۆکراسیی بەفیڕۆدەر" لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەهێڵدرێت و هاوکارییە مرۆییەکانیش بە شێوەیەکی "کاتی، ئامانجدار و لێپرسراویانە" ئەنجام بدرێن.

ڕۆبیۆ دوای گفتوگۆکان لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، "ئێمە بەردەوام سەرنجمان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەڕەشانەیە کە سەقامگیریی ناوچەیی دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها کار لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوامن."

دوای دانیشتنێک سەبارەت بە ژیریی باڵا، کە بە شێوەیەکی باو بە ژیریی دەستکرد یان AI ناسراوە، ڕۆبیۆ هەروەها گوتی وڵاتانی گرووپی حەوت بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەیە لە پاراستنی مۆدێلەکانی ژیریی باڵا دژ بە بەکارهێنانی نادروست، و ئەم پیشەسازییە پێویستی بە ڕێساکاریی زیاتر نییە.

ڕۆبیۆ دوای گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، گوتی باسیان لە "نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە ئەورووپا دەبنەوە" کردووە.

کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا چڕتر بکاتەوە. بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە ئەبووزەبی گفتوگۆی سێلایەنە لەنێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکراینا بەڕێوە بچێت.

یۆهان ڤادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕۆژی دووشەممە گوتی، "ئەورووپا دەبێت لە هەر گفتوگۆیەکی ئاشتی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادە بێت" و چارەنووسی ئۆکراینا لە دەستی خۆیدایە.

ڤادەفول گوتی، "تەواو ڕوونە کە تەنها ئۆکراینا دەتوانێت بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات. بە واتایەکی دیکە، ئەوەی ئۆکراینا لەژێر چ مەرجێکدا دەتوانێت ڕێککەوتنێکی ئاشتی واژۆ بکات، لە کیێڤ بڕیاری لەسەر دەدرێت و لە هیچ شوێنێکی دیکە نابێت."

گرووپی حەوت پێکدێت لە بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن و ئەمەریکا.

هەروەها نوێنەرانی ئۆکراینا، عەرەبستانی سعودیە، میسر، کۆریای باشوور و بەرازیلیش بانگهێشت کراون بۆ بەشداری لە گفتوگۆکانی پاریس.