دەسەڵاتی دادوەریی میسر بە شێوەیەکی فەرمی و هەمیشەیی ئیخوان موسلیمین وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان دەکات. ئەم بڕیارە سنووردارکردنی یاسایی لەسەر یەکێک لە کۆنترین بزووتنەوە ئیسلامییەکانی جیهانی عەرەبی دەچەسپێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی میسر لە ڕۆژی دووشەممە 9ـی مانگی یازدە، بڕیارە نوێیەکەی دەسەڵاتی دادوەری میسر، جگە لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین، سێ لە سەرکردەکانی ئەو گرووپەشی لەخۆ گرتووە کە پێشتر سزایان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم کەسانە بریتین لە عەبدولڕەحمان حەسەن محەمەد مەلێجی، جەمال عەبدولحەمید جومعە عەبدولحەمید، و ئوسامە ئیبراهیم محەمەد مستەفا ئەلرۆخ کە بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆتایی دادگاکانی میسر، سنووردارکردنی پەیوەست بە لیستی تیرۆریزمیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی مادەی حەوتەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری میسر لە ساڵی 2015، چوونە نێو ئەم لیستە لێکەوتەی یاسایی فراوانی بۆ ئەو گرووپە هەیە، لەوانە قەدەغەکردنی چالاکییە سیاسییەکانیان، داخستنی بارەگاکانیان، ڕێگریکردن لە کۆبوونەوە و قەدەغەکردنی هەر جۆرە یارمەتییەکی دارایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ گروپەکە.
هەروەها ئەم سنووردارکردنانە بریتین لە قەدەغەکردنی کۆکردنەوەی پارە و گواستنەوەی سەروەت و سامان و چالاکییە ئابوورییەکانی پەیوەست بەو ڕێکخراوە.
دەستەڵاتی میسر هەروەها دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گروپەکە و کەسانی پەیوەندیدار بە گرووپەکە و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ئەو کەسانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە، جێبەجێ دەکات، ئەمە سەرەرای سنووردارکردنی وەرگرتنی پۆستی گشتی و چالاکییە مەدەنییەکان بۆ ئەو کەسانە.
ئیخوان موسلیمین کە لە ساڵی 1928 لە میسر لەلایەن حەسەن بەننا دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین و کاریگەرترین بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای ئەو پێشهاتانەی کە بە بەهاری عەرەبی ناسراون، ئەم ڕێکخراوە توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2012ـدا محەمەد مورسی بخاتە سەر دەسەڵات. بەڵام دوای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان دژی دەسەڵاتەکەی، سوپای میسر لە ساڵی 2013ـدا مورسی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
دوای ئەم پێشهاتانە و سەرهەڵدانی عەبدولفەتاح سیسی بۆ دەسەڵات، سەرکوتکردنی ئیخوان موسلیمین لەلایەن حکومەتەوە چڕتر بووەوە. زۆرێک لە سەرکردە و ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەستگیرکران و ژمارەیەکی دیکەشیان لە وڵاتەکە هەڵهاتن. مورسی لە ساڵی 2019 دوای چەند ساڵ زیندانیکردن، لە دادگا کۆچی دوایی کرد.
حکومەتی میسر بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013ـدا ئیخوان موسلیمینی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکرد و لە ساڵانی دواتردا چەندین فەرمان دەرکرا بۆ درێژکردنەوەی پێگەی ئەو گروپە لە لیستی تیرۆریستیدا. بڕیارە نوێیەکە دۆخی گروپەکەی لە تۆمارکردنی کاتیەوە گۆڕی بۆ تۆمارێکی هەمیشەیی.
هەروەها ئەمەریکاش لە ساڵی 2025 لقی میسری ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی تیرۆریستە جیهانییە تایبەتمەندەکانەوە و تۆمەتباری کرد بە پشتیوانیکردنی حەماس، هەنگاوێک کە حکومەتی میسر پێشوازی لێکرد.