نرخی جیهانیی نەوت دابەزی دوای ئەوەی ترامپ هێرشکردنە سەر ئێرانی بە ئەگەرێکی دور ناوبرد

ڕۆژی دوو شەممە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ئەگەری هێرشی نوێی بۆ سەرئێران بەدور دانا.

بەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ڕێژەی 5.2٪ دابەزی بۆ 93.27 دۆلار و نەوتی خۆرئاوای تەکساسیش بە رێژەی 4.5٪ بۆ 86.71 دۆلار دابەزی.

هەفتەی ڕابردووش نەوتی برێنت بە رێژەی 16٪ دابەزی و گەیشتە 93.22 دۆلار کە ئەوەش نزمترین نرخیەتی لە ماوەی دوو مانگدا و زۆرترین دابەزینی نرخیشیەتی لە دوای دەستپێکی پەتای کۆرۆنادا.

ئۆلی هانسن، شیکەرەوە لە بانکی ساکسۆ، بە ئاژانسی ڕۆیتەزی ڕاگەیاند، "نرخی نەوت هێشتا نزمە لەبەر هیوابوون بەوەی ئەمەریکا و ئێران دەگەنە ڕێکەوتنی ئاشتی نەوەک ئاماژەی کۆنکرێتیی بەرەوپێشچوون." هەروەها ئەوەشی وت کە دوایین سەرنجەکانی سەرۆک ترامپ لەبارەی ئەوەی ئەگەری هێرشی نوێ دوورە، فشاری زیاتری خستۆتە سەر نرخەکان.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران "ئەگەرێکی زۆر کەمە،" گەر گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەرەوپێشەوە بچن.

ڕاپۆرتێکی جەی پی مۆرگەن، کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات نەوتی خاو بەرەو ئەوە دەچێت کە خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە، ئەویش بەهۆی دەستپێکردنەوەی تێپەڕبوونی نەوت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە و زیادبوونی بەرهەمهێنانی وڵاتانی دیکە و کەمبوونەوەی خواست لەسەری، هەموو ئەمانە وایانکردووە دابینکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیهان لە بەکارهێنان زیاتربێت. هەروەها ڕاپۆرتەکە مەزندە دەکات لە مانگی نۆوە ڕۆژانە بڕی 1.1 ملیۆن بەرمیل زیاد بەرهەمهێنراوە، و ئەو بڕەش لە مانگی 10 بووە بە 1.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

دابەزینی نرخی نەوت سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانە بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە. حوسییەکانی یەمەن کە نزیکن لە ئێرانەوە، بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاند لە هێرشێکی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر نوسینگەکانی ئارامکۆ لە ڕیاز. هەروەها لە ڕووسیاش ئەمڕۆ دووشەممە پاڵاوگەی نەوتی کیرشی ئاگری تێپەربوو لە پاش هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا بۆ سەر هەرێمەکە، ئەمەش بەگوێرەی وتەی فەرمانڕەوای ناوچەکە ئەلیکزاندەر درۆژێنکۆ.