لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە باشووری قاهیرە، لانیکەم 7 کەس گیانیان لەدەست داوە و 112 کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی میسر ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ڕووداوەکە لە دووری نزیکەی 76 کیلۆمەتر لە باشووری قاهیرە ڕوویداوە. بەپێی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی شەمەندەفەری میسر، شەمەندەفەرێک کە لە جیزەوە بەرەو فەیوم دەچوو، لە پشتەوە لەگەڵ شەمەندەفەرێکی دیکەدا کە لە قاهیرەوە بەرەو ئەسوان دەچوو، لەیەکیان داوە و چەند واگۆنێک لەسەر شەمەندەفەرەکە دەرچوون.
دەسەڵاتداران ڕایگەیاندووە تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی لابردنی پاشماوەکانی ڕووداوەکەن بۆ ئەوەی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان لە هێڵی قاهیرە بۆ ناوچەکانی باشووری میسر دەستپێبکاتەوە.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر فەرمانی داوە لێکۆڵینەوەی خێرا لەبارەی ڕووداوەکەوە بکرێت و گوتوویەتی هەر کەسێک کە کەمتەرخەم بووە لە ڕووداوەکە، دەبێت بەرپرسیار بکرێت.
داواکاری گشتیی میسر هەروەها ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی هۆکارە تەکنیکییەکانی ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
میسر یەکێکە لە خاوەن کۆنترین و گەورەترین تۆڕەکانی شەمەندەفەر لە ناوچەکەدا و ڕووداوی کوشندەی شەمەندەفەر لەو وڵاتەدا باوە. حکومەتی میسر لە ساڵانی ڕابردوودا ملیاردەها پاوەندی میسری بۆ نوێکردنەوەی ئەم تۆڕە تەرخان کردووە.
لە خراپترین ڕووداوی شەمەندەفەری مێژووی میسر، لە ساڵی 2002دا ئاگرکەوتنەوەیەک لە حەوت واگۆنی شەمەندەفەرێکی پڕ لە گەشتیاردا ڕوویدا و لانیکەم 360 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.