بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ڕۆژێکدا پێنج ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت

وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی وڵاتەکەی 5 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.

باسم محەمەد خوزەیر عەبادی بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی عێراقی ڕاگەیاندووە وڵاتەکە هەوڵی زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنانی ئۆپێک دەدات.

عێراق پێش ڕێککەوتنی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی ڕووسیا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ئامانجی بەرز هێشتنەوەی نرخی نەوت، ڕۆژانە نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. ساڵی ڕابردوو بە پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە، وڵاتەکە بەرهەمی ڕۆژانەی خۆی بۆ 4 ملیۆن بەرمیل دابەزاند.

دوابەدوای ئەو پچڕانانەی کە کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمزدا دروستی کرد، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ بەڵام مانگی ڕابردوو هەناردەی نەوتی وڵاتەکە گەیشتەوە نزیک لە ئاستی پێش ململانێکانی ناوچەکە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، عێراق توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی ڕۆژانەی 4 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

حکومەتی عێراق دەڵێت بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پێویستە ڕێگەی پێبدرێت نەوتی زیاتر لە پشکی دیاریکراوی خۆی بەرهەمبهێنێت.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری عێراق لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 16 نێگەتیڤ دەبێت.