بەرپرسانی تاڵیبان لە پارێزگای خوستی باشووری ئەفغانستان لە ڕێگەی چەندین ئۆپەراسیۆنەوە دەستییان بەسەر 650 ئامێری مۆسیقادا گرت و لە یەک هەڵمەتدا سەرجەمییان سوتاندن.
تاڵیبان لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 ەوە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتە دەست، بە بیانووی ئەوەی مۆسیقا '' دژ بە ڕێنماییەکانی ئیسلامە و هاندەری ڕەفتاری بێ ڕەوشتییە ''، سەرجەم جۆرەکانی مۆسیقا و چالاکییە هونەرییەکانی لە وڵاتەکەدا قەدەغە کردووە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە فرۆشگاکانی مۆسیقا و دووکانی جلوبەرگ و خواردنگەکان کێشراونەتەوە.
لە ناوبردنی زیاتر لە 21,000 ئامێر و هەڵاتنی هونەرمەندان
ئەم هەنگاوەی تاڵیبان لە خوست یەکەم ڕووداوی لەم شێوەیە نیە، لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 21,000 ئامێری مۆسیقا لە سەرانسەری ئەفغانستاندا لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە تێکدرابوون و سوتێندرابوون. بەهۆی توندتربوونی گوشار و قەدەغەکارییەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی دیاری ئەفغانستان ناچار بوون وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئەو هونەرمەندانەی لە ناو ئەفغانستاندا ماونەتەوە، لە ترسی دەستگیرکردن، سزادان و ئەشکەنجەدان، ناچارن بە نهێنی کارەکانییان ئەنجام بدەن.
سەرچاوە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان ئاماژە بەوە دەدەن کە نەریت و کلتوری مۆسیقای فۆلکلۆری ئەفغانی کە مێژوویەکی سەدان ساڵەیی هەیە، ڕووبەڕووی مەترسی سڕینەوە و فەوتانی یەکجاری بووەتەوە.
لە هەمووی مەترسیدارتر، ئامێری ڕووباب کە وەک ئامێری مۆسیقای نەتەوەیی ئەفغانستان دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی نەوەی نوێ ڕێگەی پێنادرێت فێری ژەنینی بن، بەرەو فەوتان و لە ناوچوونی تەواوەتی هەنگاو دەنێت.