ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ناوەندێکی هاوکارییەکان لە ئۆکراینا بۆ 53 کەس بەرزبووەوە

بەرپرسانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکەی ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ڕووسیاوە بۆ سەر ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا بۆ 53 کەس بەرزبووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ڕووسیا کارەبای لە حەوت ناوچەی ئۆکراینادا پچڕاندووە، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی بە نێوەندگری ئەمەریکا.

پارێزگاری هەرێمی زاپۆریژیا، میخایلۆ سێمیکین، ڕۆژی هەینی لە تێلیگرام نوسیویەتی، ''تاوەکو ئێستا 53 کوژراو بەهۆی هێرشەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر گوندی کۆمیشوڤاخا لە 2ـی مانگی یانزەدا تۆمارکراون.'' هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە تیمەکانی فریاکەوتن لە پێنجەمین ڕۆژی گەڕاندان لە نێو داروپەردووی ڕووخاوی ناوچەکەدا.

بۆمبەکان لە کاتێکدا لە شوێنەکەیان دا کە دانیشتوانی گوندەکە لە قوتابخانەیەکی کۆن و پەناگەکەی کۆببوونەوە بە مەبەستی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان. بەرپرسان سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایانگەیاندبوو کە بە دەیان کەس بێسەروشوێن بوون.

پچڕانی هێڵەکانی کارەبا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە

هێزی ئاسمانی ئۆکراینا ڕایگەیاند ڕووسیا درەنگانی شەوی پێنجشەممە تاوەکو ڕۆژی هەینی 227 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستە کردوون. جێگری یەکەمی وەزیری وزەی ئۆکراینا، ئارتیم نێکراسۆڤ، ڕایگەیاند پچڕانی نوێی کارەبا هەرێمەکانی کیێڤ، خارکیڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک، زاپۆریژا، ژیتۆمیر، ڤینیتسیا و چێرنیهیڤیان گرتووەتەوە و ئاماژەشی بەوەدا کە ''سەختترین دۆخ لە ناوچەی پایتەختدا هێشتا بەردەوامە.''

سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە تێلیگرام نوسیویەتی دانیشتوان و خاوەنکارەکانی کیێڤ ڕووبەڕووی پچڕانی درێژخایەنی کارەبا و ئاو بوونەتەوە. زێلێنسکی هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ ''شکستهێنان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان لەسەر ئاستی شارەکە بۆ ئامادەکارییکردن بۆ وەرزی سەرما،'' هاوکاتی هەڵمەتە بەردەوامەکانی ڕووسیا دژی سیستمی وزەی ئۆکراینا. گوتیشی کە ئیسپانیا پاکێجێکی هاوکاریی سەربازی بە بەهای 488 ملیۆن دۆلار پێشکەشی ئۆکراینا دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو 142 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ نێردەکەی پوتندا

ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە، لە بۆنەیەکدا کە لەلایەن خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپەوە ڕێکخرابوو، بۆ ڕێزلێنان لەو ئاگربەستەی کە مانگی ڕابردوو بە هاوکاریی ئەو لە دەوروبەری شاری ئۆلێشکی ئۆکراینادا ڕاگەیەندرا.

خانمی یەکەمی ئەمەریکا لە بۆنەکەدا گوتی، ''با ئۆلێشکی ببێتە ئەو پڕیشکە بچووکەی کە دەبێتە گڕێکی بەردەوامی ئاشتی.''

نێردراوەکەی کرێملن، کیرێل دمیتریڤ، ستایشی ''ڕۆڵی مرۆیی بەرزی خانمی یەکەم''ـی کرد و وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە تایبەتی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەی کردووە لەلایەن ڕووسیاوە. دەیڤد ئاراخامیای سەرکردەی پارتەکەی زێلێنسکی لە پەرلەمانی ئۆکراینا داوای لە خانمی یەکەم کرد ''بەردەوام بێت و ئەرکی مرۆیی نوێ بدۆزێتەوە.''

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بۆ ڕۆژنامەنووسانی پشتڕاست کردەوە کە لەگەڵ دمیتریڤدا کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو و گوتی شاندی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکانیدا نەبووە. ترامپ گوتی، ''ئەمە ڕێککەوتنێکی گەورە دەبێت و تەنیا ئۆکراینا ناگرێتەوە، دەتوانم بڵێم ڕەنگە هەموو ئەوروپا بگرێتەوە.'' بەڵام دمیتری پێسکۆڤی وتەبێژی کرێملن ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''هیچ وردەکارییەک'' لەسەر ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە لە ئارادا نیە.

بڕیارە کۆبوونەوەکان لە ئەبوزەبی ئەنجام بدرێن

نوێنەری ئەمەریکا جێرید کوشنەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی کە گفتوگۆکان لە ئەبوزەبی، لە بەرواری 10-11ـی مانگی یانزەدا، ڕووسیا و ئۆکراینا و ئەمەریکا لەسەر یەک مێز کۆدەکەنەوە، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە دوای مانگی دووی ڕابردووەوە. دوای ئەوەی بە دانیشتنێکی بونیادنەر لە بڕۆکسل وەسفی کرد لەسەر گرەنتییە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکراینا

کوشنەر گوتیشی، ''لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا ڕاوێژی نزیک لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپاییەکانمان دەکەین و ئەگەر پێشکەوتن بەدیهات، ئامانجمان جووڵەکردنە بەرەو شێوازێکی بەرفراوانتری فرەلایەنە بە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەوان.''

زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 1+1ـی ئۆکراینا کە ڕۆژی پێنجشەممە پەخشکرا، گوتی، کیێڤ دەیەوێت هاوپەیمانەکانی بە ڕوونی دەستنیشانی بکەن کە چیدەکەن ئەگەر ڕووسیا دووبارە هێرش بکاتەوە. زێلێنسکی گوتی، ''ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەسەر کاغەز ڕوون بێت.''

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا پاولا پینهۆ ئاستی چاوەڕوانییەکانی بۆ ئامادەیی کرێملن بۆ چارەسەری ئاشتییانە بە نزم دانا. پینهۆ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''بە پلەی یەکەم، دەبێت ئامادەیی لەلایەن ئەو لایەنەوە هەبێت کە یەکەمجار جەنگەکەی دەستپێکردووە و دەستدرێژیی کردووە. ڕێگەیەکی زۆر درێژمان لە پێشە بە هۆی ئەوەی هیچ جووڵەیەکی ئەوتۆمان لەو لایەنەوە نەبینیوە.''