بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەر هاوکارییەک لەلایەن وڵاتانی دیکەوە پێشکەشی ئێران بکرێت، هیچ کاریگەرییەک و سوودێکی نابێت لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە سەرەتای ئەمساڵ کرانە سەر ڕژێمەکە و ئەو گەمارۆیانەی ئابوورییەکەی ئیفلیج کردووە.
ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسە فیدڕاڵییە لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا هات سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەڕیتانیایی کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردبووەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ڕووسیا پلانی داناوە 90 موشەکهاوێژی تایبەت بە هێلیکۆپتەر بە ئێران بفرۆشێت.
ڕۆژنامە بەڕیتانیاییەکە پشتی بە بەڵگەنامەیەکی بەرگریی ڕووسیا بەستووە کە گوایە خشتەی بەرهەمهێنانی ساڵانی 2024 و 2025 دەگرێتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایا ئەو هاوکارییە سەربازییانە گەیشتوونەتە ئێران یان نا. هاوکات ڕووسیاش دەستبەجێ وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەی نەدایەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هاوكاتبوو لەگەڵ سەردانی موحسین ڕەزایی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ موسکۆ، کە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبووەوە.
کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکان و گۆشەگیرکردنی ئێران
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە ئیمەیڵێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، " ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەییەوە بە تەواوی وێران کرا. لە ئێستاشدا ڕژێمەکە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەهۆی ئۆپراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی و یەکێک لە سەرکەوتووترین گەمارۆکانی مێژووەوە، خنکێنراوە."
بەرپرسەکە گوتیشی، " هەر شتێک کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە پێشکەش بکرێت، ناتوانێت هاوکاریی ئێران بکات." بەڵام ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئێران لە ئێستادا هاوکاریی دەرەکی پێدەگات یان نا.
ڕاپۆرتەکانی پێشوو و هەڵوێستی کۆشکی سپی
لە سەرەتای ئەم ساڵدا ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕووسیا زانیاری هەواڵگریی لەسەر شوێنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە ئێران.
بە هەمان شێوە ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە و تێیدا چینییان تۆمەتبار کرد بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی، لەوانەش وێنەی مانگە دەستکردەکان بۆ بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە. بەڵام هەردوو وڵات، چین و ڕووسیا، ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە 24ـی مانگی حەوتدا ڕایگەیاندبوو کە هاوتا چینی و ڕووسیەکەی، شی جین پینگ و ڤلادیمیر پوتن، بەڵێنیان پێ داوە کە چەک بە ئێران نەفرۆشن. ترامپ لەو کاتەدا هۆشیاری دابوو کە ئەگەر کەلوپەلی سەربازی بە ڕژێمەکە بفرۆشن، "بۆیان زۆر خراپ دەبێت."