دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجام دا.
حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئامادەکرانی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانییارییەکی لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە بڵاونەکردووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ڕۆژی 5ـی یازدەی 2026 بڵاوکرایەوە، هەردوو سەرکردە لەبارەی گرنگیی هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لە نێوان واشنتن و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پێشخستنی دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردووەتەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی دووپاتکردەوە کە داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەکات و بەکارنەهێنانی خاکەکەی وەک دەستپێکێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها پێویستیی گرتنەبەری چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگی بنیاتنەر، بە شێوەیەک کە ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیریی گەلانی بپارێزێت."
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆک ترامپ و سەرۆکوەزیران زەیدی هەروەها لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکان هاوڕا بوون، بە شێوەیەک کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بگەیەنێت.