ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم دەکشێتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە حزبەکەی بڕیاری داوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێنەوە، ئەمەش لە کاردانەوە بە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕایگەیاند، "داننانێین بەو پەلەمانەی کە یەکێتی تێیدا پەراوێز خراوە، بۆیە بە کۆی گشتی بڕیارمان دا لە حکومەت بکشێینەوە."

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕایگەیاند بڕیارەکە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرکردایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی دراوە.

بەرپرسەکە وتیشی، "بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری کۆتاییمان داوەتە سەرۆکی حزب."

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە یەکێتی، بڕیارە هەر ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوێستی فەرمی حزبەکەی ڕابگەیەنێت.

میدیای یەکێتی، بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا نزار ئامێدی سەرۆکكۆماری عیراق ئامادەبووە.

لە بڵاوکراوەکەی پی یو کەی میدیادا هاتووە، "كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی نییە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراق و تەنانەت جیهانیش بە گرنگییەوە لێی دەڕوانرێت و بە كۆبوونەوەیەكی چارەنووسساز سەیر دەكرێت."