وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە سەربازێکی ئەو وڵاتە لەسەر سنووری تورکیا-ئێران، بەهۆی تەقەکردن لە دیوی ئێرانەوە کوژراوە.
وەزارەتەکە بڵاویکردەوە تەقەکردنەکە لە ڕۆژی 31ـی دە ڕوویداوە و سەربازە کوژراوەکە لە کاتی ڕووداوەکەدا هەوڵی دەدا ڕێگری لە تێپەڕینێکی نایاسایی لە سنوور بکات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەبارەی ئەم ڕووداوەوە لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری و کارگێڕییان دەستپێکردووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە بەرپرسانی تورکیا و ئێران لە شوێنی ڕووداوەکە کۆبوونەتەوە.
ئەنقەرە ڕایگەیاند، بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە ڕوون بکرێنەوە.