ئەمەریکا پاش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی سزای نوێی بەسەر تۆڕەکانی پشتیوانی ئێراندا سەپاند

ئەمەریکا لە دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی، زنجیرەیەک سزای ئابووریی نوێی بەسەر ژمارەیەک کەس و کۆمپانیای پەیوەست بە تۆڕەکانی دابینکردنی چەک و گواستنەوەی نەوت و پشتیوانیی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندووە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی بەرامبەر بە ئێران نابێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی چوارشەممە ڕایگەیاند، دوو کەس و یەک دامەزراوەی لە بیلاڕووس، ڕووسیا و نایجیریا سزاداوە، بەهۆی بەشدارییان لە هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ دابینکردنی سیستەمی مووشەکی دژەفڕۆکەی ناسراو بە MANPADS.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنی 'گۆشەگیرکردنی ئابووری' و درێژەی ئەو سزایانەیە کە لە 8ـی پێنج و 10ـی شەش و 15ـی حەوتی ئەمساڵدا بەسەر ئێران سەپێندراون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم سزایانە دابینکردنی چەک بۆ تاران ئەستەمتر و پڕتێچووتر دەکەن و پشتگیری لەو سنووردارییانە دەکەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بەسەر تارانی سەپاند.

لە هەمان ڕۆژدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش سزای بەسەر سونیل کومار شارما و هاوسەرەکەی، جاسپریت پریتی شاهید، کە لە هیندستان نیشتەجێن، سەپاند.

وەزارەتەکە ئەو دوو کەسەی بە بەشداری لە تۆڕێکی ساختەکاریی دەریایی تۆمەتبار کرد، کە بە پێدانی ئاڵا و بڕوانامەی ساختە بە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران، یارمەتییان داون خۆیان لە سزا نێودەوڵەتییەکان بدزنەوە.

هەروەها کۆمپانیای فوگۆ گراوند سێرڤسزی تورکیا، بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی ئێران کە لە ژێر سزای ئەمەریکادان، خرایە لیستی سزاوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە کرد کە یارمەتی تاران دەدەن و ڕایگەیاند، "ئێوە یان لەگەڵ ئێمەن یان دژی ئێمەن. دەزانین لە کوێن، و سزا بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنین کە بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی ڕژێمی ئێران، جا لە ڕێگەی وشکانی، دەریا یان ئاسمانەوە بێت.

واشنتن جەختی کردووەتەوە کە هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ئەو چەکانەی هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.