عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە ڕێکخراوی پیشەسازییە سەربازییەکان کرد کە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا بکەن، بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکانی چەک و دابینکردنیان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێک کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، زەیدی ڕۆژی پێنجشەممە لە سەردانێکیدا بۆ ڕێکخراوی پیشەسازییە سەربازییەکانی وڵات، جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵات و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی پسپۆڕانی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی پێویست بۆ هێزە چەکدارەکان کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانا تەکنیکی و پیشەسازییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکە توانای بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی هەیە بە پشتبەستن بە هێزی مرۆیی و شارەزایی ناوخۆیی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها فەرمانی بەشداریکردنی بەرفراوانتری کەرتی تایبەت لە پیشەسازییە سەربازییەکان و پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان دەرکرد. جەختی لە پێویستی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی نێوەندگیر لە گرێبەستە سەربازییەکان، بە ئامانجی زیادکردنی شەفافیەت و ڕێگریکردن لە گەندەڵی، کردەوە.
لەم سەردانەدا زەیدی دەستکەوتەکانی ڕێکخراوی پیشەسازی سەربازی لە بواری بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەکی سوک و مامناوەند و قورس و سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی چاودێری و سیخوڕی و زرێپۆش و کەشتی هەڵگری کارمەندانی سەربازیی بەسەر کردەوە.
هەروەها داوای پەرەپێدانی چالاکییە توێژینەوەکان و بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیا سەربازییەکان و دابینکردنی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و تەکنیکی ئەو ڕێکخراوەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگریی بە یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی سەروەری نیشتمانی زانی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان و زیادکردنی تواناکانی بەرگری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە پەیڕەو بکرێت.