میلانیا ترامپ میوانداری نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا دەکات لە کاتێکدا ژمارەی کوژراوان لە شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکان گەیشتە 40 کەس

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە کۆشکی سپی بەشداری لە بۆنەیەکدا بکەن بە میوانداریی خانمی یەکەمی ئەمەریکا میلانیا ترامپ. لەو بۆنەیەدا خانمی یەکەم وتارێک پێشکەش دەکات سەبارەت بەو ئاگربەستەی شاری ئۆلێشکی ئۆکراینا کە دوای دەستپێشخەریی ئەو ئەنجام درا.

پێش بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیە، سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی مەدالیای ڕێزلێنانی دەوڵەتی لە پلەی یەکەم بەخشییە خانمی یەکەمی ئەمەریکا، کە بڕوانامەیەکی فەرمییە و دەبەخشرێتە ئەو ژنانەی خزمەتی بەرچاوییان پێشکەشی ئۆکراینا کردووە. لە نوسراوێکی سەرۆکایەتیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، زێلێنسکی ئاماژەی بە ''بەشداریی بەرچاو و کەسیی'' میلانیا ترامپ کرد لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بە ئۆکراینا، بە تایبەتی هەوڵەکانی لە پێناو منداڵانی ئۆکراینادا. خانمی یەکەمی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئاگربەستە شەش ڕۆژەییەکەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 800 کەس لە شاری ئۆلێشکی چوونەتە دەرەوە.

قوربانییانی بۆردومانکردنی ناوەندی هاوکارییەکان

سەرۆکی ئۆکراینا لە تێلیگرام ڕایگەیاند لانیکەم 40 کەس لە ئەنجامی بۆردومانی ڕووسیا بۆ سەر قوتابخانەیەک کە وەک بنکەیەکی هاوکاریی لە گوندی کۆمیشوڤاخا بەکارهێندراوە، کوژراون. هەروەها زیاتر لە 30 کەسی دیکە هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا بۆ ڕۆژی سێیەم بەردەوامە، هەرچەندە پرۆسەی گەڕانەکە ''کارێکی زۆر سەختە کە لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشە نوێیەکانی ڕووسیادا."

بەرپرسان ئاماری جیاوازییان لەسەر بێسەروشوێنبووەکان ڕاگەیاندووە. ئیڤان فێدرۆڤی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەرگریی هەرێمی زاپۆریژا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند 59 کەس بێسەروشوێنن. پۆلیس ڕایگەیاندووە کە ناتوانرێت ناسنامەی هەندێک لە قوربانییەکان بە چاو دیاری بکرێت و نموونەی دی ئێن ئەی لە کەسوکارییان وەردەگیرێت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە هێرشەکە هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەم بانگەشەیە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

پچڕانی هێڵەکانی کارەبا و ئاو لە کیێڤ

هێزی ئاسمانی ئۆکراینا ڕایگەیاند لە کۆی 310 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ڕووسیا لە شەودا ئاڕاستەی کردبوون، 272 دانەیان خراونەتە خوارەوە یاخود پەکخراون. ئەم هێرشانە بوونە هۆی پچڕانی کارەبا و ئاو بۆ چەند کاتژمێرێک لە بەشێکی کیێڤ و ناوچەکانی دەوروبەری، بەڵام دواتر تیمەکانی خزمەتگوزاریی توانیویانە هێڵەکانی کارەبا و ئاو چاک بکەنەوە. بەرپرسانی ئۆکراینا باسییان لە هێرشی دیکە کردووە لە هەرێمەکانی ڕیڤنی، پۆڵتاڤا، کیرۆڤۆرهاد و دنیپرۆپێترۆڤسک. لە پۆستێکی تێلیگرامدا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند ئامانجی هێرشەکانییان دوو وێستگەی کارەبا بوون، یەکێکییان لە هەرێمی کیێڤ و ئەوی دیکەیان لە هەرێمی ژیتۆمیر.

لە بەرامبەردا ڕووسیا ڕایگەیاند لە شەودا بەرپەرچی 709 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان داوەتەوە. لە ناوچەی ئادیگیای باشووری ڕووسیا کۆگایەکی بازرگانیی کۆمپانیای ئۆزۆن دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاگری گرت. تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندراوە.

ئامادەکاریی بۆ دانوستاندنەکانی ئەبوزەبی

بۆنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی کۆشکی سپی لەگەڵ میلانیا ترامپ پێش دانوستاندنە سێ قۆڵییەکەی ئەبو زەبی دێت کە لە 10-11ـی مانگی یازدە بە نێوەندگری ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر ئاسایشی دوای جەنگ، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هەنگاوە مرۆییەکان.

کرێملن ڕایگەیاندووە کە ڤلادیمیر مێدێنسکی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی، سەرپەرشتی شاندەکەی ڕووسیا دەکات. بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا، ئۆکراینا، حکومەتەکانی ئەوروپا و ناتۆ لە بڕۆکسل کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕایگەیاند مۆسکۆ پشتی بەوە بەستووە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولدا کۆنترۆڵی کۆنگرێسی ئەمەریکایان کردەوە. پێسکۆڤ وتی '' ئێمە ڕاستگۆیانە هیوادارین ئەو بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی.''

لە کۆنفرانسێکی ئاسایشدا لە بەرلین، زێلێنسکی ڕایگەیاند هێشتا پێیوایە واشنتن دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. ئاماژەی بەوەشدا کە "سەرۆک ترامپ هێشتا سەرۆکە" و "ئەمەریکا کاریگەریی و دەسەڵاتێکی گەورەی هەیە."