پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی یازدەی 2026، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا. تێیدا پارتی بەبێ بەشداری یەکێتی و دروستکردنی زۆرینەیەک بە بەشداری 52 پەرلەمانتار لە کۆی 100 پەرلەمانتار دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد.
ئەم هەنگاوە کۆتایی بە زیاتر لە دووساڵ مەنگی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەهێنێت کە تێیدا یەکێتی و پارتی نەیانتوانی بگەنە سازان و ڕێککەوتن. بەڵام چارەنووسی حکومڕانی هەرێم دوای هەنگاوەکە نادیارە.
دوای کاتژمێر 11:00ـی بەیانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، تێیدا سەمیرە حەسەن لە فراکسیۆنی پارتی سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی کرد. ئەمە ڕووبەڕووی ڕەخنەی لایەنە ناڕازییەکان بووەوە، کە دەڵێن بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردن دەبووایە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دانیشتنەکە بەڕێوە ببات کە پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێیە بە ناوی محەمەد سلێمان و بایکۆتی دانیشتنەکەی کردبوو.
لە دانیشتنی ڕۆژی 4ـی یازدەی 2026 سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژدرا.
لە دانیشتنەکەدا ڤالا فەرید لە فراکسیۆنی پارتی وەک سەرۆکی پەرلەمان، ڕامی نووری لە کۆتای کریستیان وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی لە کۆتای تورکمان وەک سکرتێری پەرلەمان بە کۆی دەنگی ئامادەبووان هەڵبژێردران.
کۆبوونەوەکە بە پاڵپشتیی سەرەکیی فراکسیۆنی پارتی و بە بەشداریی سێ پەرلەمانتاری کەمینەکان و فراکسیۆنی سۆشیالیست و هەشت پەرلەمانتاری تر ئەنجام درا کە جیابوونەوەیان لە یەکێتی و نەوەی نوێ و بەرەی هەڵوێست ڕاگەیاندووە.
پەرلەمانتارانی یەکێتی کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد بریتین لە هەردی سەڵاح و محەمەد فەیسەڵ و نیشتیمان مستەفا؛ لە نەوەی نوێ هەر یەک لە شڤان سەحید و داریوش عەلی و خالید محەمەد بەشداریی دانیشتنەکەیان کرد؛ و لە بەرەی هەڵوێست سارا موحسین و سازگار فایەق بەشداربوون و دەنگیان بە سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان دا.
لە دانیشتنەکەدا هەشت پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێ و بەرەی هەڵوێست بەشدارییان کرد، دوای ئەوەی جیابوونەوەیان لە فراکسیۆنەکانیان ڕاگەیاند.
ئەو سێ پەرلەمانتارەی کۆتای پێکهاتەکان کە لە دانیشتنەکەدا بەشدار بوون بریتین لە جەیمس حەسدۆ هیدۆ و ڕامی نووری عودەیش لە کۆتای کریستیان، هەروەها مونا نەبی قەهوەچی لە کۆتای تورکمان.
فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، هەڵوێست، و بزوتنەوەی گۆڕان و دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
دوای دانیشتنەکە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەیاننامەیەکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، تێیدا ڕایگەیاند، "کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت."
بارزانی هەروەها ڕایگەیاند، "ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن.
یەکێتی هەتا ئێستا هەڵوێستی فەرمی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە سبەینێ پێنجشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەکە بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبوونەوەیەكی "گرنگ" و "بەپەلە" ئەنجام دەدات، تێیدا چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەی فەرمیی یەکێتی بڵاوبکرێتەوە.
دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 4ـی یازدەی 2026
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە دوو ڕەهەندی لەخۆی گرتووە یاسایی و سیاسی: لە ڕووی یاساییەوە هەر لە سەرەتاوە نایاساییە، چونکە نە سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان و نە دیوان پەرلەمانی ڕانەسپاردووە بۆ ڕاگەیاندنی دانیشتن، لەرووی سیاسیشەوە دەبوایە هێزە سیاسیەکان پێکبێن ئینجا پەرلەمان کارا بکرێتەوە."
وتیشی، "بۆیە ئێمە وێرای ئەوەی بەشداریمان نەکرد، مامەڵەشی لەگەڵدا ناکەین و ئەو هێزانەی باڵا دەستن لە دۆخەکە بەرپرسیارن."
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 21ـی مانگی دەی ساڵی 2024ـدا بەڕێوەچوون.