ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا ڕۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانای سوریا، ڕایگەیاند شاندەکە وەزیرانی کاروباری دەرەوە و کۆچبەری، بەرگری، دارایی و پیشەسازی و هەروەها سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری گشتی سوریا لەخۆدەگرێت.
ئەمە دووەم گەشتی شەرعە بۆ سعودیە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا. لە گەشتی پێشووتر، لە 6ی مانگی دە، تیشک خرایە سەر ئاوەدانکردنەوەی سوریا و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی سعودیە و فراوانکردنی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا.
وەزیری دارایی سوریا پێشتر دانوستانەکانی لەگەڵ سعودیە ڕاگەیاندبوو بۆ ڕاکێشانی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار سەرمایە بۆ دابینکردنی دارایی چەندین پڕۆژە بۆ ژێرخانی ولاتەکە لە چەند مانگی داهاتوودا و 406 ملیۆن دۆلاریش لەم پاکێجە داراییە مانگی ڕابردوو لەلایەن کابینەی سعودیەوە پەسەندکرا.