وەزیرانی دەرەوەی میسر و عومان ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە شەڕی نوێ لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عومان، بەدر بوسەعیدی و بەدر عەبدولعاتی پێداچوونەوەیان بە "پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە" و هەوڵە بەردەوامەکان کردووە بۆ "دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی" و جەختیان لەسەر پێویستی گەڕانەوە بۆ "ڕێگاکانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی" کردووەتەوە.
هەردوو وەزیر داوای زیادکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و پاڵپشتی لە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
هەروەها لە بەیاننامەکەی عوماندا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئاسایشی ڕێڕەوی دەریایی و هاتووچووی کەشتییەکان بە سەلامەتی.
عەبدولعاتی ڕایگەیاندووە گفتوگۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کردەوەی سەربازی و پێشخستنی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکە بووە.
عومان لە سەرەتای شەڕەوە یەکێکە لە نیوەندگیرە سەرەکییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران. سوڵتان هەیسەم بن تاریق ڕۆژی 2ـی ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگ لە پەکین کۆبووەوە و هەردوو وڵات بەیاننامەیەکی 20 خاڵییان بڵاوکردەوە و داوای گەڕانەوەی ئەمەریکا و ئێرانیان کرد بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد و وتیان دەبێت ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز دەستەبەر بکرێت.
میسر و عومان هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ چڕ دەکەنەوە
دیمەنی تێپەڕبوونی گەشتییەکان بە گەرووی هورمز.