سەرۆک ترامپ: هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر ئێران سنووردار بوون، جەنگ نەبوو

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا دوێنێ شەو هێرشیان کردە سەر سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دروستکردنەکەی نزیکەی دوو مانگی خایاندووە و ڕایگەیاند هێرشەکە "سنووردار بوو، جەنگ نەبوو."

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نیوزدا ئەمەی ڕاگەیاند و ئاماژەی دا بەوەی ئەمەریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی "بە تەواوی خستووەتە ئەو شوێنەی کە ئێمە دەمانەوێت."

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ترامپ وتی، "کاتێک باسی شەڕ دەکەیت، ئەمە لە ڕاستیدا شەڕ نییە. ئێمە سەرەتا زۆر بە توندی لێمان دان، بەڵام هەر ئەوە بوو و ئێستاش بەتەواوی لەو شوێنەدان کە ئێمە دەمانەوێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی ئێران دەکات، ترامپ وتی، "من بەدوای ئەوەدا ناگەڕێم کە خەڵکێکی زۆر بکوژم، بەڵام ئەگەر ناچار بین ئەوا دەیکەین، بەڵام من بەدوای ئەوەدا ناگەڕێم کە ئەو کارە بکەم."

ترامپ هەروەها وتی ئێران لە لێواری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بووە بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا ئەم مەترسییەیان وەستاند. وتیشی، "کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر کەلە ڕەقن، بەڵام ئێستا سەریان لێکراوەتەوە."

ئەسۆشیەیتد پرێس شەوی دووشەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە ئەمەریکا هێرشی بەرگری سنوورداری لە دژی هەندێک ئامانجی ئێرانی لە تەنگەی هورمز ئەنجامداوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پێشتر بڵاویکردەوە کە دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قشم بیستراوە.