دەسەڵاتدارانی سوریا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە پلانێکیان پووچەڵ کردووەتەوە کە دەڵێن لەلایەن "شانەیەکی سەر بە حزبوڵای لوبنانەوە" دانرابوو بۆ بەئامانجگرتنی پاڵاوگەی حومس.
هێزە ئاسایشییەکانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە دوو ئەندامی شانەکە دەستگیرکراون و دەست بەسەر ئەو تەقەمەنیانەدا گیراوە کە بۆ مەبەستی ئۆپەراسیۆنەکە دانرابوون.
پاڵاوگەی حومس لە ناوەڕاستی سوریا لە ئێستادا تاکە پاڵاوگەی کارپێکراوی ئەو وڵاتەیە؛ پاڵاوگەکانی تری وڵاتەکە، لە نێوانیاندا پاڵاوگەی بانیاس لە کەناراوەکانی سوریا، بە هۆی چەندین ساڵ لە شەڕ و نائارامی، لەکار کەوتوون.
دەزگای ئاسایشی سوریا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چەند کەس لە پەیوەندی بە "پلانەکە" دەستگیرکراون و تا ئێستاش حزبوڵای لوبنان وەڵامی ئەو هەواڵەی نەداوەتەوە.
ئەم هەواڵە دوای چەندین هێرش دێت بۆ سەر بۆری نەوت و گاز لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا کە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتییەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
دیمەشق چەندین جار ڕایگەیاندووە کە شانەکانی پەیوەست بە حزبوڵای لوبنانیان دەستنیشان کردووە و لەناویان بردوون، بەڵام ئەو گرووپەی کە ئێران پشتیوانیی دەکات چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو شانانەوە هەبێت.