ئەسۆشیەیتد پرێس: ئەمەریکا هێرشی بەرگریی دەکاتە سەر چەند ئامانجێک لە ئێران

ئەسۆشیەیتد پرێس شەوی دووشەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە ئەمەریکا هێرشی بەرگری سنوورداری لە دژی هەندێک ئامانجی ئێرانی لە تەنگەی هورمز ئەنجامداوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پێشتر بڵاویکردەوە کە دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قشم بیستراوە.

هەروەها کەناڵی تێلێگرامی وەحید ئۆنلاین کە هەواڵەکانی هێرشکردنە سەر ئێران و دۆخی نێو ئێران ڕۆماڵ دەکات، چەند کاتژمێرێک پێشتر پەیامی هاوشێوەی بڵاوکردبووەوە.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی هەڵدانی موشەک دژی ئامێرە سەربازییەکانی ئەمەریکا کراونەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە کە پێدەچێت سنووردار بوون، لە سەروبەندی هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجامدراون.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەمەریکا ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.