جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران 'پێشکەوتن'یان بەخۆیانەوە بینیوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران و بەردەوامیی دانوستانەکان ڕایگەیاند: "ئێرانییەکان هەمیشە کەمێک پێشبینینەکراون. وەک سەرۆکیش هەمیشە جەختی لێ دەکاتەوە، هەموو بژاردە سەربازی و ناسەربازییەکان لەبەردەستدا دەهێڵێتەوە. بەڵام بێگومان هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە و با بزانین دەتوانین پێشکەوتنی زیاتریش بەدەستبهێنین."

ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، 2ی مانگی یانزە، لە بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەندرۆس لە ویلایەتی مێریلاند هات، کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەو نامەیەی ڕەوانەی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابوو.

ڤانس ئاماژەی بە بەردەوامیی پەیوەندییەکان کرد و وتی: "کۆمەڵێک گفتوگۆی باشمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەبووە. لە ڕاستیدا نزیکەی کاتژمێرێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە قسەم کرد. بڕوانە، من و سەرۆک هەردووکمان هەستێکی باشمان هەیە دەربارەی دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دانوستانکارانە و بەردەوامیش دەبین لە کارکردن لەسەری."

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ مۆڵەتێک دیاریکراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان، ڤانس وتی: "نەخێر، هیچ وادەیەکمان دیاری نەکردووە. ئێمە بە ڕوونی گوتوومانە چیمان دەوێت؛ ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە دوای ئەوەی بەرنامە ناوەکییەکەیانمان تێکشکاند، دڵنیابینەوە لەوەی دووبارە دروستی ناکەنەوە یان هەوڵی دروستکردنەوەی نادەن. پێم وایە ئەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەموو شتێک گرنگترە."

لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە خواستەکانی لایەنی ئێرانی کرد و وتی: "ئەوەی من تێگەیشتووم ئەوەیە کە ئەوان زۆر گرنگی بە سەروەریی وڵاتەکەیان و بنیاتنانەوەی ئابوورییان دەدەن. ئێمە پێمانوایە گەیشتن بەمە، ڕێگەی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە بەڕاستی پێویستی بە پابەندبوونی بەهێز و پشتڕاستکراوە هەیە کە ئەوان بە هیچ جۆرێک ئەو بەرنامە ناوەکییە بونیاد نەنێنەوە."