ڕاپۆرتەکان باس لە ناکۆکی توندی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەکەن

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە گرنگترین ڕێکخستنی سیاسی گروپە شیعەکانی عێراقە، لە پەیوەند بە شێوەی کارکردنی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەسەر دوو کوتلەی لایەنگر و دژبەر دابەش بوون و لەڕادەبەدەر تووشی جەمسەرگیری بووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت ڕۆژی دووشەممە 2ی مانگی یازدە سەرچاوەکان بەو ڕۆژنامەیان ڕاگەیاندووە ئەو ڕێکخراوە سیاسییە کە گەورەترین لایەنە شیعەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، لەڕادەبەدەر بە سەر دوو جەمسەری لایەنگر و دژبەر دابەش بووە.

شەرق ئەلئەوسەت ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆمانەکانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە لەسەر تواناکانی زەیدی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت، ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی لەبارەی چەکداماڵینی میلیشیاکان، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گەشتە دەرەکییەکانی، بەتایبەت گەشتەکەی بۆ سوریا و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع و کێبڕکێ لەسەر پۆستە بەتاڵەکانی حکومەت و دەرکردنی سەرۆکی ڕێکخراوی ئاسایشی عێراق هەموو ئەمانە ئەو پرسانەن کە مشتومڕیان لەسەرە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارانە جەختیان لەوە کردەوە کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕادەبەدەر ناڕەحەت بووە لە دۆخی دوو جەمسەری لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی و هەوڵەکانی هەندێک ڕێکخراو بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکەی، هەروەها ئەو فشارەی کە دەخرێتە سەری بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئابووری و چەکداماڵینی ملیشیاکان.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ناو حکومەتی عێراق، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان "سەرۆک وەزیرانیان ناچارکردووە هەفتانە کۆبوونەوەیان لەگەڵدا هەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی هەواڵێکی فەرمیی عێراقی، حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و چالاکوانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، کە کۆبوونەوەکانی ئەو رێکخراوەیە لە ماڵەکەی ئەودا بەڕێوەدەچێت، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند "چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارە لە دیاریکردنی ئاسۆ و سیاسەتە گشتییەکانی حکومەتی عەلی زەیدی."

لەمبارەیەوە حەمودی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان سەرۆک وەزیران و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە وتی "عەلی زەیدی هەڵبژاردەی چوارچێوەکە بووە بۆ سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەوە چوارچێوەیە کە بەرپرسیارە بەرامبەر بە خودا و گەلی عێراق سەبارەت بە داڕشتنی دیدگا و سیاسەتەکان بەپێی دەستوور و شەریعەت، لەکاتێکدا زەیدی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنیان لەڕێگەی میکانیزمەکانی حکومەتەکەیەوە."

بە گوێرەی شەرق ئەلئەوسەت ئەم قسانە "ئاماژەن بۆ هەژموونی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر بڕیاردانی حکومەت و دەسەڵاتە سنووردارەکانی سەرۆک وەزیراندا."

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە ساڵی 2021 وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کەمبوونەوەی بەرچاوی کورسی گروپە سیاسییە شیعەکان بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو پێکهێنرا.