ترامپ: دەتوانین لە ماوەی پێنج خولەکدا هێرشەکانی سەر ئێران دەست پێ بکەینەوە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە ویلایەتی کانساس لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنگرانی پارتی کۆماری گوتی ''دەتوانین لە ماوەی پێنج خولەکدا هێرشەکانی سەر ئێران دەست پێ بکەینەوە.''

هەروەها لە بارەی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزەوە گوتی ''ساڵانێکە ئێران هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمز دەکات و گرتیشیان بەڵام لێمان سەندنەوە. هێزە دەریاییەکانمان هاتن و لە ماوەی دوو خولەکدا کۆنتڕۆڵیان کرد. هەفتەی ڕابردوو واڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی کە ئێستا زیاتر لە جاران نەوت بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕەخنەی لە بێدەنگیی وڵاتان بەرانبەر بە ئێران گرت و داوای هەماهەنگی کرد سەبارەت بە پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا. مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆبوونەوەی گرووپی بیستدا گوتی ''ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە وڵاتێک بە ئاشکرا دەڵێت کەشتییە بازرگانییەکان دەتەقێنینەوە! بیر لەوە بکەنەوە، وەکوو ئەوەیە کە لە سەد یان هەشتا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بژین.''

لە بەرانبەردا ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی ''ئەگەر داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن، ئەگەری ئەوە هەیە کە هەم ئاسایش بۆ گەرووی هورمز بگەڕێتەوە و هەم پرۆسەی دانوستاندن لە ماوەی کورتدا دەست پێ بکاتەوە.''

دۆناڵد ترامپ ڕەتی کردەوە کە قسە لەسەر کاتی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بکات و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بە ڕۆژنامەوانانی گوت کە ''سەرۆک ترامپ هێشتا بڕیاری هێرشی نەداوە و خوازیاری چارەسەری دۆسیەی ئێرانە بە شێوەی دیپلۆماسی.'' هەروەها گوتی ئەگەر بڕیارێکی لەم جۆرە بدات، سوپای ئەمەریکا لە توانایدایە فەرمانەکە جێبەجێ بکات.

لە لایەکی دیکەوە ئیمارات دەڵێت بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن. سوهەیل ئەلمەزرووعی وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکدا گوتی ''ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ڕوو دەدات بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم کە ئێمە زۆر لە پێشوو ئامادەترین. ئێمە چی دیکە پشت بە کەس نابەستین کە بڵێن دەتانپارێزین یان یەکێکی دیکە بڵێت لێتان نادەین. ئێمە خۆمان بۆ خراپترین بارودۆخ ئامادە دەکەین.'' ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە گەڕی پێشووی هێرشەکان بۆ سەر ئێران زۆرترین جار لە لایەن ئێرانەوە بۆمباران کرا.

لە دوایین لێدوانیشیدا، عەباس عێراقچی لە شاری عەشقئابادی تورکمانستانەوە ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند ''ئێمە بە تەواوی ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین و لە هەمان کاتدا ئامادەین بۆ دیپلۆماسی.''

سبەی ڕۆژی سێی مانگی یازدە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە ئەمەریکا بەڕێوە دەچن. چاودێران پێیان وایە کە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارییەک لە شێوازی هەڵسوکەوتکردنی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران دێنیتە ئاراوە.