سینتکۆم بانگەشەی ئێران سەبارەت بە هێرش نەکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل بە درۆ دەخاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بانگەشەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە درۆ خستەوە کە گوایە هێرشیان نەکردووەتە سەر ئامانجە سڤیلەکانی وڵاتانی ناوچەکە.

سێنتکۆم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئێران لەم دواییانەدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئێران هێرشی نەکردووەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە وڵاتانی دراوسێ و ئەم بانگەشانە درۆن".

سینتکۆم نوسیویەتی بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە و ئاشکرا کراون، ئێران نەک هەر ژێرخانی مەدەنی و ناوچەی نیشتەجێبوون و ناوەندە مەدەنییەکانی دیکەی لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج، بەڵکو دەریاوانی مەدەنیشی لە دەریاکان بە ئامانج گرتووە.

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 20 دەریاوان لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کوژراون.

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە، "ئەم ڕووداوانە ئەوە دەردەخەن کە هێرشە بێ جیاوازییەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی نیگەرانییەکی ئاسایشی ڕژدن و ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە".