بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس کە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە سەبارەت بە دۆخی دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و کاتی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، نەتانیاهو داوای لە ترامپ کردووە دەستبەجێ پاش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ترامپ لە ئێستادا پێی باشە کات بدات بە دانوستانەکان و ئەم ڕێبازەش نەتانیاهۆی نیگەران کردووە.
سەرچاوە ئیسرائیلیئەکە پەیوەندییەکەی ئەو دوو ڕێبەری بە "توند" وەسف کردووە و سەرچاوە ئەمەریکاییەکەش بە "ڕاشکاوانە" ناوی بردووە. کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پەیوەندییە بدەن.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، ترامپ لە یەک کاتدا دوو ڕێگای گرتووەتە بەر کە یەکێکیان هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی ئەوی تریشیان ئامادەکاری بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لە دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس دەکات.
هەفتەی ڕابردوو جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، جەی دی ڤانس نامەیەکی بۆ موحسین ڕەزایی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نارد. ئەکسیۆس ئەم هەنگاوەی بە بەرزترین ئاستی پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە ماوەی ئەم چەن مانگەدا ناو بردووە.
ترامپ ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "بە باشی بەڕێوەدەچن" و ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ پەلەی نییە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد ئێرانییەکان زۆر جێی متمانە نین و ڕایگەیاندووە ئەوان ڕێککەوتن دەکەن و دواتر پاشەکشە دەکەن.
ترامپ هەروەها وتی ئەمەریکا هێشتا دەبێت یەک یان دوو دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێران بکاتە ئامانج. وتیشی ئەمەریکا پلانی داناوە و دەتوانێت بە خێرایی ئەو کارە بکات و ئاماژەی بە چیای کولەنگ گەزلا کرد کە شوێنی دامەزراوەیەکی ئەتۆمییە لە قووڵایی ناو شاخەکەدا، هەرچەندە ئێران ڕەتیکردووەتەوە لەو شوێنە چالاکی ناوکی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، نێوەندگیرانی قەتەری ڕۆژی یەکشەممە بۆ سێیەم ڕۆژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن پەیوەستە بە وەڵامی ئەمەریکا بۆ داواکارییەکانی ئێران.