بێسێنت: جیهان پێویستی بە نەوتی ئێران نییە بەڵکو ئێران پێویستی بە هەناردەی نەوتەکەیەتی

سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ڕایگەیاند ''جیهان پێویستی بە نەوتی ئێران نییە بەڵكو ئێران پێویستی بە هەناردەی نەوتەکەیەتی.''

بێسێنت هەروەها دەڵێت کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئاستەکانی پێش ململانێی ئەمەریکا و ئێران.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بە شێوەی وێنە نیشانەی هەناردەکردنی یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن بەرمیلی لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا داناوە لە کاتێکدا ئێران نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیلیش نەوت هەناردە بکات، ئەمەش بەهۆی گەمارۆی سەر ئەو وڵاتەیە.

ڕۆژی هەینی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەردانی سەربازە ئەمەریکاییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز کردووە و لەوێدا باڵادەستیی تەواوەتیی سوپای ئەمەریکای بینیوە بەبێ ئەوەی نیشانەیەک لە هێزە دەریاییەکانی ئێران هەبێت.

هەروەها ئەمڕۆ پێگەی فەرمیی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا وێنەی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی لەسەر کەشتیی جەنگیی جۆرج دەبلیو ئێچ بۆش بڵاو کردووەتەوە کە لە ئێستادا نزیک لە سنوورەکانی ئێران چالاکە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە باس لە ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکرێت و سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن کە سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو چاوی بە فەرماندەکانی سوپا لە کۆشکی سپی کەوتووە.