خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا بەردەوامن و لە ئەلبانیا توندوتیژی لێکەوتەوە

خۆپیشاندان لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپا ڕۆژی شەممە بەردەوامی هەبوو، لە شاری تیرانا لە ئەلبانیا توندوتیژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لێکەوتەوە.

سابرین خەرباچ گوتەبێژی سەندیکای خوێندکارانی ئامادەییەکان لە فەڕەنسا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ''لە پرسی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکاران پێمان دەڵێن کە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ یارمەتییە داراییەکان دەکەنەوە بەڵام پێمان ناڵێن چۆن ئەوە دەکەن. لە کاتێکدا هەمووان دەزانین کە پێنج ساڵە هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ یارمەتییە داراییەکان نەکراوە.''

هەروەها یەکێتیی خوێندکارانی فەڕەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی ''ئێمە هەزارانین و بەهێزین؛ هەوڵیان دا خۆپیشاندانەکە قەدەغە بکەن، ئەوان شکست دێنن و ئێمە سەر دەکەوین.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی فەڕەنسا 70 هەزار پۆلیسی بە شارەکاندا بڵاوکردووەتەوە بە ئامانجی ئەوەی کە بەر لە تاڵانکارییەکان بگرێت کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕوویان دا و زیانی زۆریان بە شوێنە بازرگانییەکان گەیاند.

لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێ کەوتەوە و خۆپیشاندەران بە مۆڵۆتۆڤ و بەرد هێرشیان کردە سەر پۆلیس و پۆلیسیش ئاوپرژێنی خۆپیشاندەرانی کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم کۆتاییی هەفتەیە و هاوکات لەگەڵ ئاهەنگەکانی هاڵۆوین، خۆپیشاندان گەییشتە شارەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا. هەزاران کەس لە شارەکانی بەرلین و میلان و میونخ و فرانکفۆرت بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کرد و داوای سیستەمێکی باشتری پەروەردەیان دەکرد.