ئەتاڵنتا، جۆرجیا - بەردەوامی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا بوونەتە دوو بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیهان، کە ڕۆژی هەینی لە شاری ئەتاڵنتای ویلایەتی جۆرجیای ئەمەریکا دەستی پێکرد.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، میوانداری دانیشتنەکە دەکات و لەوتەی سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، کە سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، و نوێنەرانی وڵاتانی دیکەش بەشدارییان تێدا کرد، هۆشداری دا کە جیهان لە بەردەم قۆناغێکی چارەنووسسازدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندا.
ڕوبیۆ گوتی جیهان لە "ساتێکی هەڵبژاردنی چارەنووسساز"ـدایە، لە کاتێکدا قەیرانە ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان بە یەکەوە گرێدراون و مەترسییان خستووەتە سەر بنچینەکانی ئابووری جیهان.
ڕوبیۆ داوای لە ئەندامانی گرووپی بیست کرد هاوکاری بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کاریگەرییان لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی وزە و خۆراک و ئازادیی کەشتیوانی هەیە.
ئەمەریکا دەڵێت چالاکییەکانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وزە لە گەرووی هورمز و دەریای سور؛ هەروەها بەردەوامی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ئاسایشی دەریای ڕەشی خستووەتە مەترسییەوە، ئەمە سەرەڕای نیگەرانییەکانی واشنتن دەربارەی چالاکییەکانی حکومەتی چین لە دەریای باشوری چیندا.
کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکە، کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدایە کە جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراینا بەردەوامە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا دژ بە ئێران.
لە چەپەوە بۆ ڕاست، وەزیری دەرەوەی مەکسیک ڕۆبێرتۆ ڤێلاسکۆ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەل بن فەرحان، و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە کۆبوونەوەی گرووپی بیست لە ئەتلانتا.
ناکۆکی لەسەر بەشداریی ڕووسیا
گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپی هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دەرکەوتن، کاتێک وێنەی گرووپیی فەرمیی وەزیرانی دەرەوە، کە بڕیار بوو بەیانی هەینی بگیرێت، هەڵوەشێندرایەوە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فەرەنسی ڕاگەیاند، هۆکارەکە ناڕەزایی هەندێک بەرپرسی ئەورووپی بوو لە وێنەگرتن لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت بەرپرسێکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وێنەکە درا بۆ ئەوەی پرسی وێنەگرتنەکە نەبێتە هۆی کابردنی سەرنجەکان لەسەر پرسە گرنگەکان و زەقکردنەوەی ناکۆکییە دیپلۆماسییەکان.
یۆهان ڤادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، پێش کۆبوونەوەکە بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی گوت ، "هیچ دۆخێکی ئاسایی لەگەڵ ڕووسیا بوونی نییە."
ئەو ڕوونی کردەوە کە پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ ناکۆکییەکان تاوتوێ بکرێن، بەڵام نابێت بە وێنەی هاوبەش ئاماژەیەکی هەڵە بۆ ئاساییبوونی پەیوەندییەکان بنێردرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها گوتی لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە ڕووسیا دەکات پێشنیاری ئۆکراینا بۆ ئاگربەست قبووڵ بکات، کە دەکرێت لە دەریای ڕەشەوە دەست پێ بکات.
بەشداریی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا دەدات و هاوکات خوازیاری هاوکاریی مۆسکۆیە بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی.
چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو گفتوگۆی نوێ لەنێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکراینا بەڕێوە بچێت. ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە بەرهەمیان هەبێت، چاوەڕوان دەکرێت ببنە زەمینەیەکی لەبار بۆ لەیەکنزیکردنەوەی وڵاتانی سەرەکی گرووپی بیست، کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی دوازدە لە سەر ئاستی سەرۆکایەتی وڵات لە شاری مەیامی ئەمەریکا کۆببنەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمیر پوتینی بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی بیست لە 14 و 15ـی مانگی دوازدە لە میامی بانگهێشت کردووە. واشنتن هەروەها هەندێک سزای سەر ڕووسیای سووک کردووە و بۆ گەیاندنی بڕێکی زۆر لە گازی دیزلی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی وزە.
جەنگی ئێران و مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەنگی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزە و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەخرێتە بەر باسی وڵاتانی ئەندام.
دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی دوو، تاران بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورموز، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، گاز و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی پەینی کمیایی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتەی دەستپێکی کۆبوونەوەکاندا جەختی لە پێویستی هەوڵەکان کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێڕەوەکانی وزە. بەڵام شیانی هەیە هەوڵەکانی ئەمەریکا لەمبارەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی چین ببێتەوە، کە پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دارایی گرووپی بیست، دژی هەندێک دەستەواژە سەبارەت بە ئازادیی کەشتیوانی لە هورموز و ناوچەکانی دیکە وەستابووەوە.
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەتاڵنتای نەکرد، بەڵکو جێگری وەزیری دەرەوەی چین، لی کیانگ، بەشدارە.