مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی20 هۆشداری دا کە جیهان لە قۆناغێکی گرنگ و چارەنووسسازدایە؛ قۆناغێک کە تێیدا کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری و جیۆپۆلیتیکیی بەیەکەوە گرێدراو، هەڕەشە لە بناغەکانی سیستەمی ئابووریی جیهانی دەکەن.
ڕۆژی هەینی، ڕوبیۆ لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی 20، لە شاری ئەتلەنتا، ویلایەتی جۆرجیا، گوتی"ئێمە لە ساتێکی گرنگداین؛ ساتێک کە من بە ساتەوەختی هەڵبژاردن ناوی دەبەم. ئەم ساتە نەک تەنها بۆ وڵاتەکەم چارەنووسسازە، بەڵکوو بەڕاشکاوی دەڵێم کە بۆ هەموو جیهانیش چارەنووسسازە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە زیادبوونی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە هەڕەشەیەکی ڕژد لە دژی بناغەی سیستەمی ئابووری جیهانی دروست بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پچڕانی دابینکردنی وزە و خۆراک، ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانی نێودەوڵەتی و ئازادیی کەشتیوانی، بوونەتە بەشێک لە گرینگترین ئاستەنگەکانی بەردەم وڵاتان.
ڕوبیۆ لەم بارەیەوە گوتی، ئەندامانی گرووپی 20 دەبێت پێکەوە کار بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە و بەهێزکردنی خۆڕاگریی ئابووری و پاراستنی ئەو بازاڕ و سەرچاوە ئابوورییانەی کە پشتیان پێدەبەستن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆڵی دیپلۆماتکاران و سەرکردە سیاسییەکانی لە هەماهەنگی وەڵامدانەوەی وڵاتان بۆ قەیرانە سەرهەڵداوەکان بە گرنگ وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاوکاریی نێودەوڵەتی دەبێت لە بەرژەوەندیی هاوبەشدا بێت.
ڕۆبیۆ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە میانی کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیەکەدا وڵاتانی ئەندامی ئەم گرووپە دەرفەتیان دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگە هاوبەشەکان و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانە ئابووری و جیۆپۆلەتیکیەکان.