کوپەر: سوپای پاسداران لە تەنگەی هورمز نابینرێن

براد کوپەری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزیان بەدەستە و هاتوچۆی کەشتیوانی بازرگانی بەردەوامە و ئێرانییەکان لە هیچ جێگەیەک نابینرێن.

کوپەر وتی "لە کاتی فڕیندا بەسەر تەنگەکەدا، بینیم دەیان کەشتیی بازرگانی تێدەپەڕن، هێزەکانی ئەمەریکاشم بینی، بەڵام ئەوەی کە نەمبینی، سوپای پاسداران بوو، بە هیچ جۆرێک نەمبینین."

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا لە بارەی سوپای پاسدارانەوە وتیشی "ئەوان بۆ چەندین دەیە لە تەنگەی هورموز و ئاوەکانی نزیکی بوونیان هەبوو، بە ئارەزووی خۆیان کەشتییەکانیان بێزاردەکرد، هەڕەشەیان دەکرد و دەستیان بەسەردا دەگرتن، بەڵام ئێستا لەوێ نابینرێن لەبەرئەوەی کەشتیی هێزە دەریارییەکانیان لە بنکی دەریادان."

کوپەر ڕاشیگەیاند، ڕێڕەوی ئاویی لە تەنگەکە لە مینی دەریایی ئێران پاککراوەتەوە و "هێزەکانی ئەمەریکا زۆر بە ئاگاییەوە چاودێریی ناوچەکە دەکەن."

لەبارەی گەڕانەوەی هاتوچۆی بازرگانی و گواستنەوە وزە بە تەنگەکەدا، کوپەر ڕایگەیاند لە دوای کۆمەککردنی هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە کەنداو " لە هاوینەوە توانیومانە 1.5 ملیار بەرمیل نەوت هەناردە بکەین."

کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارانەی هێزەکانی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشی ناوچەکە ئەنجامدراون.

سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، کوپەر وتی "لە هەمان کاتدا ڕێگریمان لە ئێران کرد لەوەی نەوت هەناردە بکات" و هۆکاری ئەو ڕێگرییەشی گەڕاندەوە بۆ گەمارۆی دەریایی پۆڵایینی ئەمەریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.