ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە نێوەندگیرانی قەتەر جارێکی دیکە گەشتیان بۆ تاران کردووە بۆ درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ئەو بەرپرسە ڕۆژی هەینی 30ی ئەم مانگە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە گفتو و نێوەندگیرییەکان بە هەماهەنگی واشنتن دەکرێن، بەڵام وردەکاری زیاتری لەبارەی دانوستانە نوێیەکانەوە نەخستووەتەڕوو.
ئەمە دووەم گەشتی نێوەندگیرانی قەتەرە بۆ ئێران لە ماوەی هەفتەیەکدا، هەرچەندە تا ئێستا بەرپرسانی ئێران بە فەرمی سەردانەکەی ئەمڕۆیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
قەتەر یەکشەممە ڕەشنووسی پلانێکی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە پێشکەش بە ئێران کردبوو، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێران پێشنیارەکانی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگۆڕاوە.
سەردانەکەی ئەمڕۆی نێوەندگیرانی قەتەر دوای ئەوە دێت کە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی بۆ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ناردووە و بەپێی زانیارییەکان پێشنیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران، گەیشتنی نامەکەی پشتڕاستکردەوە بەڵام ڕایگەیاند تاران تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
بەگوێرەی چەندین ڕاپۆرت، ئەمەریکا دەیەوێت لە سەرەتای دانوستانەکانەوە پرسی ئەتۆمی لە ڕۆژەڤدا بێت، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە واشنتن سەرەتا کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی خۆی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بهێنێت و سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت هەڵبگرێت.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کە لە دانوستانەکانی پێشووتر لەگەڵ ئەمەریکادا سەرکردایەتی لایەنی ئێرانی کردبوو، شەوی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس پێداگری کرد کە مەرجەکانی ئێران ڕوون و ئاشکرایە و بە نێوەندگیرانیان گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا تەنها لە حاڵەتێکدا مومکین دەبێت کە حەوت مەرجەکەی ئێران قبوڵبکرێت.
هەروەها عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تاران لە پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامدایە لەگەڵ نێوەندگران بۆ گەڕان بەدوای ئەو پێشنیارانەدا کە دەتوانن ڕێگا بۆ پلانی حەوت ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ خۆش بکەن.
بەپێی ئەو پلانە، ئەمەریکا دەبێت کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی خۆی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بهێنێت و سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت هەڵبگرێت و سەروەت و سامانی بەستووی ئێران ئازاد بکات. هەروەها وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرە جۆربەجۆرەکان لە نێویاندا لوبنان، بەشێکە لەو پلانە. لەبەرامبەردا ئێران پابەند دەبێت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز لە ماوەی هەفتەیەکدا و دەست بە دانوستانەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، لەوانەش سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە ئاگاداری دانوستانەکانە، وردەکاری زیاتری لەسەر ناوەڕۆکی نامەکەی ڤانس بڵاوکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی واشنتن پۆست، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەکەدا جەختی لەسەر ئەولەوییەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دوو وڵات کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگریکردن لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بەرژەوەندی سەرەکی واشنتنە.
بەپێی ڕاپۆرتی واشنتن پۆست، بەڕێوبەرایەتی ترامپ موحسین ڕەزایی بە لایەنی سەرەکی تاران دەزانێت و پێی وایە ڕەزایی دەتوانێت کۆدەنگی لە نێوان کوتلە جیاوازەکانی حکومەت و سوپای پاسداران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دروست بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا پێیان وایە ڕەزایی پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەیە و دەشڵێت دوای گەیشتنی نامەکەی ڤانس، چەند جارێک پەیوەندییان هەبووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە، ئەگەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ڤانس و ڕەزایی بکرێت، ئەگری هەیە ئەستەنبوڵ و دۆحە شوێنی دیدارەکەیان بێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدا بەردەوامن کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا باس لە ئەگەری خولێکی نوێی هێرشە بەرفراوانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکەن لە دوای هەڵبژاردنەکانی کونگرێسی ئەمەریکا.
ئەکسیۆس پێشتریش بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمەریکایی و ناوچەییەکان بڵاویکردەوە قەتەر بە پاڵپشتی پاکستان و سعودیە و میسر و تورکیا هەوڵدەدات ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕێککەوتن پێش هەڵبژاردنەکان.