ترامپ و ئەردۆغان تاوتوێی پێشهاتەکانی گەرووی هورمز و یەمەن دەکەن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی گەرووی هورمز و یەمەن گفتوگۆی کرد، هەروەها هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی گەرووی هورمز و یەمەن دەکات و جەختی لە گرنگی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان بە بۆنەی ڕۆژی کۆماری تورکیا و لوتکەی داهاتووی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک، پیرۆزبایی لە ئەردۆغان و گەلی تورکیا کرد.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی تورکیا جەختی لە گرنگی بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا کردەوە.

هەروەها، ئەردۆغان ئامادەیی تورکیای بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە کردەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆشکی سپی هیچ بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو پەیوەندییە بڵاونەکردوەتەوە.