پارتەکەی نەتانیاهو: عەرەبەکان هەڵبژاردنی ئیسرائیلیان دزیوە

بنیامین نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیەندراوێکی پارتەکەی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە ''هەڵبژاردنەکان لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا لە لایەن پارتە عەرەبەکانەوە دزراوە کە لایەنگری تیرۆر و نەمانی دەوڵەتی جوو دەکەن."

بەیاننامەکە پارتە عەرەبییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی "تاوانەکانی وەکوو بەرتیل، هەڕەشە، توندوتیژی, ساختەکاری و بەکارهێنانی سۆفتوێر (نەرمەکاڵا) قەدەغەکراوەکانیان" بۆ کۆکردنەوەی دەنگدەران بەکار هێناوە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە پارتی لیکود ئەو پێشێلکارییانەی پارتە عەرەبییەکانی بە بەڵگەنامەی پێویستەوە داوەتە پۆلیس و لیژنەی ناوەندیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان.

پارتی لیکود داوا لە دەزگا پەیوەنیدارەکانی ئیسرائیل دەکات کە لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئۆرشەلیم پۆست، ئەم تۆمەتەی پارتەکەی نەتانیاهو هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی هەڵبژاردنی ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە چەندین سکاڵایان بەدەست گەیشتووە کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکەن.

هەروەها تەڵال کریناوی، سەرۆکی شارەوانی ڕەهات، بە توندی ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردووەتەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە، و تۆمەتەکانی پارتی لیکودی بە درۆ و هاندان دژی کۆمەڵگەی بەدەوی لە ئیسرائیل وەسف کردووە.

پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندن، ئەندامی کنێستی ئیسرائیل و کاندیدی عەرەبەکانی ئیسرائیل ئەحمەد ئەلتەیبی گوتبووی ''لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە خەڵک بە ژمارەیەکی بێ وێنە هاتوون بۆ دەنگدان. ئەوە ڕوونە کە تا کۆتایی ئەمڕۆ ئێمە بنیامین نەتانیاهو تێکدەشکێنین و گرووپە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکان دەڕوخێنین. بە هێزی ئەو دەنگانە و ئیرادەی گەلەکەمان، پەنا بە خوا، دەیاننێرینەوە ماڵەوە.''

بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان هەتا ئێستا هیچ کام لە لایەنەکانی ئیسرائیل نەیانتوانیوە ژمارەی کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن. ئەمەش پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە ئاڵۆز دەکات و لەوانەیە ناچاریان بکات کە هەڵبژاردن دووبارە بکەنەوە.