ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل دەریدەخات کە هیچ کام لە دوو لایەنە سیاسییە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست بهێنن.
بەپێی ڕاپرسییەکان، لایەنی پشتیوانی بنیامین نەتانیاهو 54 کورسی و نەیارەکانی بە سەرۆکایەتی ئایزنکۆت 47 کورسی لە کۆی گشتی 120 کورسی پەرلەمانیان بەدەستدەهێناوە. هاوکات پارتە عەرەبییەکانی ئیسرائیل بە بەدەستهێنانی 17 کورسی ڕەنگە ببنە یەکێک لە یاریزانە یەکلاکەرەوەکان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا چوار سیناریۆی سەرەکی دەشێت ڕووبەڕووی ئایندەی سیاسی ئیسرائیل ببێتەوە کە بریتی دەبن لە :
یەکەم پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی: لەم سیناریۆیەدا لایەنە سیاسییەکان بە پشتیوانی لایەنەکانی دیکە، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەستدەهێنن و بە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و بەرنامەکانی حکومەت دەگەنە ڕێککەوتنێک.
پێکهێنانی حکومەت پشتیوانی لانیکەم 61 نوێنەری پێویستە. بەڵام ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە بۆ هەردوو لایەنەکە ئەستەم دەبێت.
لایەنی ڕاستڕەوی نەتانیاهو کە لە خولی پێشوودا 68 کورسی بەدەستهێنابوو، بەپێی ئەنجامەکان تا ئیستا ژمارەی کورسییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
لە لایەکی تریشەوە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی ئایزنکۆت بەبێ ئەوەی پشتیوانی لایەنەکانی دیکە بۆ خۆی ڕابکێشێت، زۆرینەی پێویستی نییە.
پارتە عەرەبییەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی پارتی ڕەعم بە سەرۆکایەتیی مەنسور عەباس، ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ لایەنی ئایزنکۆت دەربڕیوە. بەڵام ئایزنکۆت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی لە پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەو پارتانە بەدوور گرتووە.
هەروەها لایەنی نەتانیاهو بژاردەی سنوورداری هەیە بۆ ڕاکێشانی هاوپەیمانی نوێ، چونکە هەندێک پارتە بچووکە ڕاستڕەوەکان نەیانتوانیوە نیسابی پێویست بۆ چوونە ناو پەرلەمان بەدەستبهێنن.
لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا، دانوستانەکانی هاوپەیمانان دەتوانێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
دووەم: پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە بە پاڵپشتی لایەنە عەرەبییەکان: یەکێک لە بژاردەکان بۆ ئایزنکۆت ئەوەیە کە بتوانێت حکومەت بە ڕێگەی کەمتر لە 61 ئەندامی هاوپەیمانی پێکبهێنێت. ئەمەش بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لایەنەکانی دیکە کە دەتوانێت دەنگی متمانەی پێ ببەخشن.
لەم سیناریۆیەدا، لایەنە عەرەبییە ئیسرائیلییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن.
هاووڵاتیانی عەرەب نزیکەی لەسەدا 20ی دانیشتوانی ئیسرائیل پێکدەهێنن و زیادبوونی بەرچاوی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا دەتوانێت هێزیان لە کنێستی داهاتوودا زیاد بکات.
حزبی ڕەعم پێشتر ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێکهێنانی حکومەتدا هەبووە. لە ساڵی 2021 پەیوەندی بە هاوپەیمانی نەفتالی بێنت و یائیر لاپیدەوە کرد و بووە یەکەم پارتی سەربەخۆی عەرەبی کە بە فەرمی بەشداری حکومەتێکی هاوپەیمانی ئیسرائیلی بکات.
هەروەها هاوپەیمانی لیستی هاوبەشی عەرەبی ڕایگەیاندووە پێناچێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو حکومەتەوە، بەڵام دەتوانێت پشتیوانی پەرلەمانی پێشکەش بە حکومەتێک بکات کە کۆتایی بە سەرۆکایەتی نەتانیاهو بهێنێت.
مەرج نییە ئەم جۆرە پشتگیرییە بە مانای ئەندامێتی لە حکومەتدا بێت. نوێنەرانی عەرەب دەتوانن لە دەنگە گرنگەکاندا دەنگ بە بەرژەوەندی حکومەت بدەن یان بە خۆبەدوورگرتن ڕێگری لە شکستەکەی بکەن.
بەڵام حکومەتێکی کەمینە، بەهۆی نەبوونی زۆرینەی سەقامگیرەوە، لەوانەیە لە دەرکردنی یاسا و بودجە و پاراستنی سەقامگیری سیاسیدا تووشی کێشەی جددی ببێتەوە.
ئایزنکۆت تا ئێستا ڕەتیکردۆتەوە بە ئاشکرا بژاردەیەکی لەو شێوەیە قبوڵ بکات و نەتانیاهوش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین جار هۆشداریی داوە سەبارەت بە پشتبەستنی ئەگەری حکومەتێکی ئۆپۆزسیۆن بە دەنگی نوێنەرانی عەرەب.
سێیەم: پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانییە: ئەم سیناریۆیە بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکارییە سیاسییە قووڵەکانی ئیسرائیل قورسە بێتە ئاراوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی پەرلەمانی ئەگەری هەیە.
لە حاڵەتێکی وادا، نەتانیاهو و ئایزنکۆت دەتوانن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش ڕێکبکەون.
لەئەگەری ئەم هاوپەیمانییە لایەنە سەرەکییەکان دەبێت واز لە هەندێک لایەنی پشتیوانی خۆیان بهێنن. لەوانە دەکردنی هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی نەتانیاهو و پارتە ئایینییە تورندڕەوەکان و لایەنە عەرەبییەکانیش.
ئایزنکۆت هاوڕای بۆچوونەکانی نەتانیاهویە لە زۆر بابەتی ئەمنیدا، لەوانە دژایەتیکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و پێویستی لەناوبردن یان هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازی گروپی توندڕەوی حەماس کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروەپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت.
بەڵام کەمپی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر بنەمای پێویستی دەستلەکارکێشانەوەی نەتانیاهو داناوە و کارکردن لەگەڵیدا ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی لایەنگرانی ببێتەوە.
سیناریۆی چوارەم: بەردەوامی چەقبەستوویی و هەڵبژاردنی نوێ: سیناریۆی کۆتایی ئەوەیە کە هیچ کام لە کاندیدەکان ناتوانن پشتگیرییەکی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆبکەنەوە.
لەم حاڵەتەدا دوای تەواوبوونی پرۆسەی یاسایی و وادە، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و هەڵبژاردنی نوێ لە وادەی یاسایی ئەنجام دەدرێت.
ئیسرائیل پێشتر ئەم دۆخەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە نێوان مانگی چواری سالی 2019 تا مانگی سێی ساڵی 2021، وڵاتەکە چوار هەڵبژاردنی ئەنجامدا، چونکە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی هاوپەیمانییەکی سەقامگیر پێکبهێنن.
بە گشتی ئیسرائیل لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022 پێنج جار چووەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بوو بە یەکێک لە درێژترین ماوەکانی ناسەقامگیری سیاسی لە وڵاتەکەدا.
ئەگەر ئەو چەقبەستووییەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم دۆخە هەیە.