فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕەتی کردەوە کە هێزە ئەمەریکاییەکان لە تەنگەی هورمز کشابنەوە و جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی کۆنترۆڵی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە دەکەن.
ئەم وەڵامەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت کە فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا بانگەشەی کردبوو هێزەکانی ئەمەریکا تەنگەی هورمزیان جێهێشتووە و سەدان کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورکەوتوونەتەوە.
سێنتکۆم ئەو بانگەشەیەی بە "ناڕاست" وەسف کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە تەنگەی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەریدا ئامادەن و بە وریاییەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی دا بە وەی فەرماندەی سێنتکۆم لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا سەردانی ئەو ناوچەیەی کردووە و جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی کۆنترۆڵی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەیان بەدەستەوەیە، نەک ئێران.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، و لە ماوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ململانێی سەربازی.