ئەو ئاگربەستە مرۆییەی بە دەستپێشخەریی خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا هاتە ئاراوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاگربەستەکە شارۆچکەی ئۆلێشکی دەگرێتەوە کە خاکی ئۆکراینایە و لەلایەن ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە. بوار دەخسێنێت بۆ گەیاندنی هاریکارییەکان و چۆڵکردنی شارۆچکەکە لەلایەن ئەو هاوڵاتییانەی گیریان خواردووە.
ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی ڕاگەیێندرا. کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی دا کە خانمی یەکەمی ئەمەریکا ناوەندگیربووە لە گەیشتن بە ئاگربەستەکە.
ڕاگەیاندنەکەی کۆشکی سپی پاش داواکەی پاپا لیۆی ڤاتیکان لە 16ـی دەی هات کە داوای لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا کردبوو شەڕ لە چواردەوری ئەو شارۆچکەیە ڕابگرێت.
ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 3ـی بەیانی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی کیێڤ دەستیپێکرد و ڕێڕەوی مرۆیی دەکاتەوە بۆ گەیاندنی کۆمەک و ڕێگەدان بەو دانیشتوانانەی خوازیارن شارۆچکەکە بەجێبهێڵن. بەگوێرەی نێردەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراینا، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە پێش دەستپێکردنی جەنگ نزیکە 24 هەزار کەس بووە، بەڵام هێشتا هەزار و 700 کەس کە 35ـیان منداڵن هێشتا لەوێ ماونەتەوە و ڕووبەڕووی کەمییەکی سەختی خۆراک و دەرمان بوونەتەوە.
پێشتر مۆسکۆ کیێڤی بەوە تۆمەتبار کرد کە پێش دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکە، هەوڵی تێکدانی دەدات. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕۆژی هەیەنی ڕایگەیاند کە لە هەفتەی ڕابردووە هێزەکانی ئۆکراینا 18 جار تۆپبارانی ئۆلێشکیان کردووە و زیاد لە 120 هێرشی درۆنیشییان کردووەتە سەر شارۆچکەکە و ڕێگە سەرەکیەکانی. بەمەش ڕێگری کراوە لە گەیشتنی کۆمەک بە شارۆچکەکە و دەربازبوونی دانیشتوانەکەی.
حکومەتی ئۆکراینا دەمودەست سەرنجی لەو بارەیەوە نەدا و دەنگی ئەمەریکاش نەیتوانی بەشێوەیەکی بێلایەن ئەو بانگەشەیەی ڕووسیا پشتراست بکاتەوە.
بەرپرسانی کرێملن دەڵێن دەرچوونی دانیشتوانی شارۆچکەکە لەوانەیە چەندین ڕۆژ بخایەنێت و هەر کەسێکی مەدەنی کە بیەوێت شارۆچەکەک جێبهێڵێت، دەتوانێت بڕوات. هەروەها ڕۆژی دووشەممە پێشنیازیان کرد کە دەکرێت ئاگربەستەکەی ئۆلێشکی ببێتە نمونەیەک بۆ ئاگربەست لە شوێنەکانی دیکە.
دمیترۆ لوبینێتسی بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی ئۆکراینا بە فەرمی سوپاسی مەڵانیا ترامپ و تیمەکەی کرد.
هاوکاتی ئاگربەستەکە، شەڕ لە شوێنەکانی دیکە بەردەوامە. ڤادیم فیلاشکینی سەرۆکی هەرێمی دۆنێسک ڕۆژی دووشەممە لە تێلیگرام وتی ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر یاسنۆهێرکا، نزیک کراماتۆرسک لە هەرێمی دۆنێسک، کە بووەتە مایەی کوژرانی لانیکەم یەک کەس و برینداربوونی 10 کەسی دیکە، لە نێویاندا کچێکی تەمەن 13 ساڵ. شەوی پێشتر هێرشێکی ڕووسیا بووە مایەی بریندارکردنی چوار کەس لە زاپۆریژیژیا، ئەمەش بە وتەی میخایلۆ سێمیکنی پارێزگاری هەرێمەکە، و هەروەها دوو کەسیش لە ناوچەی چێرنیهیڤ برینداربوون. ئۆلێکساندەر هانژای سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەربازیی ناوچەکە وتی کە ڕۆژی شەممە هێرشەکانی ڕووسیا بوونە مایەی کوژرانی چوار کەس لە هەرێمی دنیپرۆپێرترۆڤسک.
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکیدا لە ئینتەرنێت ڕۆژی شەممە وتی کە ڕووسیا نزیکەی هەزار و 600 بۆمبی ئاراستەکراوی هاویشتووە، لەگەڵ 48 موشەک و نزیکەی دوو هەزار و 300 هێرشی درۆن بۆ سەر ئۆکراینا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا.
لە رووسیاش، هێرشێکی درۆن لە هەرێمی ڤۆرۆنێژ بووە مایەی کوژرانی دوو کەس و بریندارکردنی 17 کەسی تر، لە نێویاندا منداڵێک هەبووە، ئەمەش بەگوێرەی وتەی پارێزگار ئەلێگزاندەر گوسێڤی کە ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکی ئاپی ماکس بڵاویکردۆتەوە. هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری ڕووسیاش وتی کە پێنج سەرنشین لە گەشتێکی شەمەندەفەر بە ئاراستەی مۆسکۆ برینداربوون لە دوای تێکشاندنی شەمەندەفەرەکە. لە هەرێمی بێلگۆرۆدیش، درۆنەکانی ئۆکراینا ڕۆژی یەکشەممە چوار کەسیان کوشتووە، بەگوێرەی دەستەڵاتە خۆجێیەکان.
لەسەر ئاستی دیپلۆماتیش، مۆسکۆ 21ـی مانگی دە ڕازیبوو بە گەڕانەوە بۆ دانوسانی سێقۆڵی لە مانگی یازدەدا لەگەڵ واشنتۆن و کیێڤ، و یوری ئۆشاکۆڤی یاریدەدەری کرێملن وتی کە گفتوگۆکان لەدوای 4ـی یازدە دەستپێدەکەنەوە. زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا لەگەڵ کەناڵ TSN کە ڕۆژی یەکشممە پەخشکرا، ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە دانیشتنەکاندا دانوستاندن ناکات لەسەر دانانی سنورێک بۆ قەبارەی هێزە سەربازییەکانی و پێداگری لەسەر بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
هەروەها وتیشی کە بابەتە پەیوەستەکان بە خاکەوە "هێڵی سورن" و تەنها دەکرێت لەلایەن سەرکردەکانەوە لە ئاستی باڵا تاوتوێ بکرێن. لە هەمان چاوپێکەوتندا وتیشی کە سیستەمەکانی ئاگادارکردنەوە لە هاتنی موشەکی بالیستی ڕووسیا کە لە لایەن ئەمەریکاوە دابینکراوە دیسانەوە کارییان نەکردووە، پاش ئەوەی خێرایی تۆڕی سەتەلایتی ستارشیڵد پێشتر لەم مانگەدا سنوردارکرا.
پەرلەمانی ئۆکراینا ڕۆژی دووشەممە دەنگی دا بە درێژکردنەوەی باری جەنگی و بەسەربازکردنی گشتی بۆ ماوەی 90 ڕۆژی دیکە.